هونەر و كلتوور, عێراق

پیاوێک لە هەولێر شەست ساڵە کڵاو دەچنێت

وەستا خەلیل سەعید خەیات نزیکەی شەست ساڵە پیشەی بەرگدووریی دەکات و زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر چنینی کڵاو و، چەندین جۆری جیاوازی کڵاوی چنیووە و ھەر یەکێکیان گوزارشت لە مێژوویەک و سەردەمێک دەکەن، وەک سەردەمی عوسمانی، پادشایەتی و سەردەمی کۆماریی لە عێراق.

Heman Hussein Yaseen  | 04.10.2023 - نوێکردنەوە : 12.10.2023
پیاوێک لە هەولێر شەست ساڵە کڵاو دەچنێت

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

پیشەی بەرگدووریی یەکێکە لە پیشە کۆنەکان کە تا ئێستاش بەردەوامە و پەرەی پێدراوە، پیشەگەران ھەوڵیانداوە ئەزموونەکەیان ڕادەستی نەوەی دوای خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لە فەوتان بیپارێزن.

وەستا خەلیل سەعید خەیات نزیکەی شەست ساڵە پیشەی بەرگدووریی دەکات و زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر چنینی کڵاو و، چەندین جۆری جیاوازی کڵاوی چنیووە و ھەر یەکێکیان گوزارشت لە مێژوویەک و سەردەمێک دەکەن و، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات زۆر جار کڵاوەکان بە دیاری دەداتە دۆست و میوانەکانی بۆ ئەوەی کولتوورەکە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

وەستا خەلیل سەعید لەتەمەنی حەفتاکانیدا و ماوەی شەست ساڵە پیشەی بەرگدووریی دەکات، ئەو تا ئێستاش لە دوکانێکی گەورەی نێو بازاڕی هەولێردا، ڕۆژانە خەریکی پیشەکەیەتی و هەندێکجاریش وەکو حەز و خولیای خۆی جۆرەکانی کڵاو دەدوورێت و هەر جۆرێکیش دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دیاریکراو لە عێراقدا.

ئەو جۆرە کڵاوانەی کە وەستا خەلیل خەیات دووریوویەتی بریتیین لە جۆرەکانی، تەڕبووش، سیدار، کڵاوی سەردەمی کۆماریی و کڵاوی تایبەت بە دەرچووانی زانکۆ و چەندین جۆری دیکەی کڵاو کە هەندێکیان تا ئێستاش لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەکاردێت.

کۆنترین مێژووی کڵاو لە عێراق جۆری "تەڕبووش"ە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەرێتەوە و ئەوکاتە فەرمانبەران و پیاوانی دەوڵەت ئەم جۆرە کڵاوەیان لەسەردەنا و دوو جۆر ڕەنگی هەبوو کە بریتیی بوون لە سوور و رەش، دوای ئەوەش جۆرێکی دیکەی کڵاو لە عێراق هەبووە کە پێی دەڵێن "سیدار" و، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٥ کاتێک پادشای عێراق مەلیک فەیسەڵی یەکەم سەردانی ئەوروپا دەکات و فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبینێت کە ئەم جۆرە کڵاوەیان لەسەر بووە، بۆیە دوای گەڕانەوەی بۆ عێڕاق فەرمانێک دەردەکات کە پێویستە سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت ئەم جۆرە کڵاو لەسەر بنێن و کڵاوەکە تا ئێستاش هەندێکجار لە بۆنە تایبەتەکان لەسەری هاووڵاتییان دەبینرێت.

جۆرێکی دیکەی کڵاو تایبەتە بە سەردەمی کۆماریی، ئەم کڵاوە رەنگی سەربازییە و هەموو فەرمانبەرێکی سەربازیی دەوڵەت لەسەری کردووە، تەنیا هێماکان بە پێی پیشەی کەسەکە گۆڕدراوە و، لە نێو دوکانەکەی وەستا خەلیل چەندین هێمای جیاوازی سەردەمی کۆمار دەبینرێت کە بریتییە لە هێمای پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە، پەڕەشووتوان، فڕۆکەوان، پۆلیسی هاتوچۆ و چەندین جۆری دیکە.

وەستا خەلیل سەعید خەیات لەبارەی دەستپێکی پیشەکەیەوە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە منداڵییەوە دەستم داوەتە ئەو پیشەیە، پشتم بەخۆم بەستووە و سەرەتا کڵاوێکم دووریی، کڵاوەکە هی سەردەمی عەبدولکەریم قاسم بوو (سەردەمی کۆماریی)، دواتر کڵاوێکی جۆری سیدارم دووریی کە دەگەڕاوە بۆ سەرەمی پادشایەتی لە عێراق، ئینجا بەم جۆرە دەستم بە پیشەکەم کرد و تا ئەمڕۆ بەردەوامم".

لەبارەی مێژووی کڵاوەکانیش لە عێڕاقدا، وەستا خەلیل سەعید گوتی: "کڵاوەکان جۆری زۆریان هەیە، بەڵام ئەوانەی زۆر بەناوبانگن و دەناسرێنەوە، بریتیین لە تەڕبووش کە سەردەمی عوسمانییەکان باو بوو، هەروەها جۆری سیدار کە سەردەمی پادشایەتی و جۆری کڵاوی سەربازی کە سەردەمی کۆماریی هاتەوە ئاراوە، دوای ئەوەش ئەم کڵاوە بووە بێرییەی سەربازی کە ئێستا سەربازانی عێراقی بەکاری دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جۆری دیکەی کڵاو هەیە کە هاووڵاتییان لە سەری دەکەن".

وەستا خەلیل خەیات گوتیشی: "هەندێکجار لە بۆنە تایبەتەکانی قوتابخانە و خوولەکانی زمانی تورکی، دێن داوا دەکەن کە ژمارەیەک کڵاوی جۆری تەڕبووش-یان بۆ ئامادە بکەین و لە بۆنەکەدا لەسەری دەکەن، هەندێکجاریش خواست لەسەر جۆری سیدار هەیە".

ئەو بەرگدوورە ئاماژە بەوەش دەکات کە بەردەوام هەوڵی پاراستنی ئەو کولتوورەی داوە و گوتیشی: "هەندێکجار کڵاوی جۆری سیدار بە دیاری دەدەم بە گەنجەکان بۆ ئەوەی لەسەری بکەن و ئەم کولتوورە بپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا لە وڵاتانی تورکیا و بەریتانیا، هەروەها وڵاتانی ئەورووپاش خەڵک هاتوون بۆ کڕینی کڵاوەکانی جۆری تەڕبووش و سیدار".

لەبارەی جۆر و شێوازی دیزاینەکانەوە، وەستا خەلیل خەیات گوتی: "جگە لەو دیزاینە کۆنانەی هەیە، هەندێکجار بۆ خۆم دیزاینێکی نوێ دەدوورم و خواستی خەڵکیشی لەسەرە، پیشەکە لەلای من بووەتە حەز بۆیەش زۆرجار بەبێ ئەوەی خواست لەسەر شتێک هەبێت، دەست دەکەم بە دروستکردنی و لە دوکانەکەم دایدەنێم".

بە گشتی پیشەکان لە باو و باپیرانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکان، لەم پیشەیەشدا وەستا خەلیل هەوڵی داوە منداڵەکانی هەمان ڕێچکە بگرن و لەمبارەیەوە گوتی: "کوڕێکم ڕێچکەی منی گرتووە و لە تەمەنێکی بچووکەوەدا دەستی داوەتە پیشەکە، بەڵام کەمتر سەرنج دەخاتە سەر دروستکردنی کڵاو و زیاتر کاری بەرگدووریی دەکات".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın