Rewa Mahmood Hasan
17 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2023
سلێمانی - AA
لەگەڵ دەستپێکی وادەی حەج و نزیک بوونەوەی جەژنی قورباندا، دەستە دەستە حاجیانی هەرێمی کوردستان وەک حاجیان لە وڵاتانی دیکە لەرێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودیە بەڕێدەکەون بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.
لە هەرێمی کوردستانیشەوە لەنێویاندا شاری سلێمانی، کۆمپانیاکانی تایبەت بە حەج و عەمرە دەستیان کردووە بە گواستنەوەی هاوڵاتیان و گەیاندنیان بە شاری مەککەی پیرۆز.
بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگای سلێمانی، کامەران عەلی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی چۆنییەتی رێکخستن و ناونووسینی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە فەریزەی حەج بەپێی ئەو رێژەیەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، رایگەیاند "ئێمە دوای ئەوەی لە مانگی یەکەوە ناوی حاجییانمان لە پشکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش سلێمانی ڕاگەیاند، دەستمان کرد بە پشکنینی پاسپۆرتەکانیان کە سەرەتای ئیشەکانمانە. دوو مانگ دواتر نرخ و تێچووی حەج لە لایەن دەستەی حەجی باڵای عێراقییەوە دیاری کرا. گەشتی وشکانی و ئاسمانیمان هەبوو".
سەبارەت بە تێچووی فەریزەی حەج و دەستپێکردنی گەشتەکانی حاجیانی ماڵی خوا، کامەران عەلی گوتی: "تێچووی گەشتی ئاسمانی بە چوار هەزار و ٥٠٠ دۆلار دانرا، گەشتی وشکانییش بە سێ هەزار و ٨٠٠ دۆلار دانرا. بژاردەی جۆری گەشتەکانمان خستە بەردەم حاجییان و گەشتی وشکانی زیاتر بوو لەوەی چاوەڕوانمان دەکرد چونکە نرخەکە ٧٠٠ دۆلار جیاوازی هەبوو. ئێمە تەنها توانیمان رێژەی ١٥ لە سەدی حاجییان گەشتی وشکانییان بۆ رێک بخەین چونکە حکوومەتی عێراق ئەو رێککار و رێژەیە دیاریی دەکات. لە رۆژی ١٠ی حوزەیراندا، یەکەم گەشتی وشکانییمان دەستی پێ کرد و سەفەریان کرد. لە شەوی ١٢ و ١٣ی حوزەیرانیشدا سێ فڕۆکەی دیکە فڕیون و گەشتیان کردووە. تەواوی حاجیانمان لە ماوەی حەوت رۆژدا و بە ١٢ فڕۆکە گەشتەکانیان بۆ سعوودیە ئەنجام دەدەن و راستەوخۆ دەچنە شاری مەککە. لە پێشدا فەریزەی عومرە ئەنجام دەدەن و پاشان چاوەڕوان دەبن تاوەکوو رۆژی ٨ی مانگی زوولحیجە کە دەکاتە رۆژی ٢٧ یان ٢٨ی حوزەیران و "يوم التروية – رۆژی تەروییە"ی پێ دەڵێن، ئەو رۆژە حاجییان بەڕێ دەخەین بۆ مینا یان بۆ عەرەفە".
لەبارەی ناونووسین و چۆنییەتی مامەڵەکردن بۆ بەشداریکردن لە فەریزەی حەجدا بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "ئێمە تەنها لە ساڵی ٢٠١٦ ناومان نووسیووە. لە دوای ئەو ساڵەوە ئیدی ناومان نەنووسیووە. بڕیار بوو بۆ سێ ساڵ ناو نەنووسین، واتە ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ و ٢٠١٩، لەو سێ ساڵەدا گەشتمان کرد. بڕیار بوو بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ناو بنووسینەوە و سیستمەکە بگۆڕدرێت بۆ ئەلیکترۆنی وەک عێراق و ئێران و تورکیا پەیڕەوی ئەو سیستمە نوێیە بکەین و واز لەم سیستمە تەقلیدییە کۆنە بهێنین. ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ (بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا) نەمانتوانی حەج بکەین. ساڵی ٢٠٢٢ کە ویستمان حەج بکەین و ناوەکانی تیروپشکی ساڵی ٢٠٢٠ بنێرین بۆ حەج، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی سعوودیە تەمەنی حاجییانی دیاری کرد. هەر بۆیە نیوەی حاجییەکانمان مانەوە. ئەمساڵ حاجییەکان زۆربەیان لە بەتەمەنەکانن. ئەمساڵ سنووردارکردنی تەمەن هەڵگیرا، بۆیە ئەو بەتەمەنانەمان بەڕێکرد لەگەڵ ئەو یەدەگانەی مابوومان. پشکی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار و ٨٠٠ کەسێکە. پارێزگای سلێمانییش، بە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە، نزیکەی هەزار و ٨٠٠ کەسێکە. پشکی ئێمە ئەمساڵ تەواو بوو بەو بەتەمەنانەی کە مابوونەوە لەگەڵ یەدەگەکان، بۆیە ئەمساڵ تیروپشکی ناومان بۆ حاجییان نەکرد. تەنها ئەوەندە نەبێت حاڵەتێکی ریزپەڕمان هەبوو لە پارێزگای سلێمانی بۆ ١٣٢ کەس، جارێکی دیکە تیروپشکمان کردەوە".
بەپێی زانیارییەکان بە چەند تیمێک پشتیوانی لە پرۆسەی حەج دەکرێت؛ لەوانەیش کارمەندە کارگێڕییەکان، بەڕێوەبەری نووسینگەکانی حەج و عومرەی پارێزگاکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، هەر لە بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و هەتا بەڕێوەبەری گشتیی دیوان کە ئەمساڵ یاوەریی حاجیان دەکات، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانییش بەهەمان شێوە. ٤٥ کارمەندی کارگێڕی لەگەڵ حاجیاندا دەبن و لەوبارەوە کامەران عەلی دەڵێت: "٣٠ مورشیدی ئایینی، پێنج موفتی و ١٠٠ کۆمپانیا هەروەها تیمی پزیشکییمان کە لە ٢٥ پزیشک و یاریدەدەری پزیشک پێکهاتووە کە پسپۆڕییە جیاجیاکان لەخۆدەگرێت لەگەڵ تیمی راگەیاندنمان یاوەری حاجیان دەبن هەر یەکەیان ئەرک و کارڕاپەڕاندنی خۆی هەیە بۆ سەرخستنی پرۆسەی حەج".
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدان و نەخۆشکەوتنی حاجیانی ماڵی خوا کامەران عەلی دەڵێت: "هەموو ساڵێک دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە یەکێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەپێی ئەو ئەزموونەی بۆمان دەرکەوتووە و خۆیشیان دەزانن، ئەوەیە هێز و دەسەڵاتێکی یاسایی بدەن بە لیژنەی فەتوا، لیژنەی فەتوایش هێز و دەسەڵاتی شەرعی بدات بە لیژنەی پزیشکی بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی زۆر بەتەمەنن، بۆ ئەوانەی نەخۆشن و توانای ئەنجامدانی پرۆسەی حەجیان نییە، بۆ ئەوەی نەبنە بار بەسەر خەڵکەوە، هەم لە رووی شەرعییەوە ئەوانە حەجیان لەسەر نەماوە، لە روویەکی دیکەیشەوە دەبنە بار بەسەر خۆیان و خەڵکەوە".
گوتیشی: "هەر لەگەڵ گەیشتنی یەکەم فڕۆکە بۆ سعوودیە، ژنێکی بەتەمەن لە حاڵەتی غەیبووبەدا جەڵتە لێی داوە و هیچ کەسێکی خۆی لەگەڵدا نییە. ئافرەتمان لەگەڵدایە تەمەنی نزیکەی ١٠٠ ساڵە و کەسوکاری خۆی لەگەڵ نییە و بۆ خۆیشی توانای رۆیشتنی نەماوە. ئێمە هیچ فلتەرێکمان بۆ تەمەنی حەجکردن نییە و کەسەکە تەمەنی هەرچەند ساڵ بێت، کەسوکارەکەی دەیهێنن و دەڵێن دەبێت حەجەکەی بکات. بۆیە لیژنەکانی فەتوا و پزیشکی هیچ رۆڵێکیان لەم بوارەدا نییە و یاسای تایبەتمان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایین سەبارەت بەو بوارە نییە".
لەبارەی دەستپێکی پرۆسەی حەجی ئەمساڵیشەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی رێکخستنی حەج و عومرە لە سلێمانی،حاجی ئاری محەمەد حامید ئاماژە بەوە دەکات کە وەک یەکەم رۆژی دەستپێکی پرۆسەی گەیاندنی حاجیان لە شاری سلێمانی یەکەم رۆژ لەڕێی فڕۆکەخانەی سلێمانی و سێ کۆمپانیاوە حاجییان گەشتی ماڵی خوا دەکەن. ژمارەیان ١٤٤ حاجییە و دەڵێت، "من وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک لە خزمەت ٤٨ حاجیدام. هاوڕێیانی دیکەیشم بە هەمان شێوەی منن، سێ کۆمپانیاین سەردان دەکەین".
ئاری محەمەد حامید سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هەروەها نووسینگەی سلێمانی بۆ حەج و عەمرەی کرد و گوتی "خۆشبەختانە ئاسانکارییان کردووە بۆ حاجییان. سوپاسی کۆمپانیاکانیش دەکەین کە توانیویانە خەمخۆرانە خزمەتێکی باشی حاجییانی ماڵی خوا بکەن".
بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی رێکخستنی حەج و عومرە لە سلێمانی گوتیشی: "ماوەی ٢٥ بۆ ٣٠ رۆژە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیدا هاوکارین بۆ ئەوەی گەشتی حاجییان بەڕێکوپێکی و بەسەرکەوتوویی بەڕێوە ببەین. لەئێستادا هەموو کاروبارەکانی وەک خواردن و پاس و فڕۆکە ئامادەن و هیچ کێشەیەکمان نییە".