Hawkar Yaseen\
07 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2021
ههولێر - AA
دوای گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان پاپا فرەنسیس لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان مهسرور بارزانی کۆبووەوە و دواتر لەلایەن سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان پاپا فرەنسیس سوپاسی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانیی کرد بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەی مەسحییەکان کە بەھۆی توندوتیژی و پەلامارەکانی داعش روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس لە سێیەم رۆژی سەردانەکەی بۆ عێراق گەیشتە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان.
رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ھەولێر بەرەو شاری مووسڵ بەرێدەکەوێت و لەوێ نوێژ بۆ قوربانیانی جەنگ ئەنجام دەدات.
دواتر دەچێتە شارۆچکەی قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ و سەردانی کڵێسای تاھیرەی گەورە و لەوێ گوتاری قەداسەتیی ئەنجیلۆسی باوک پێشکەش دەکات.
دواتر دووبارە دەگەڕێتەوە شاری ھەولێر و لە یاریگای نێودەوڵەتی فرانسۆ ھەریری بەشداری لە رێورڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە دەکات و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە دووبارە دەگەڕێتەوە بەغدا.
بەمەیش کارنامەی سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و سبەی دووشەممە رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ساز دەکرێت و دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.