Abdullah Abdulmanaf Shukur
04 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2020
ھەولێر - AA
ئەمرۆ دووشەممە رێکەوتی ٣ی ئابی ٢٠٢٠، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی تایبەت بە رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی دەرکرد و تێدا ئاماژە بەوە دراوە کە قەدەغەی ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا وەکو خۆی بەردەوام دەبێت، لەنێوان پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا بۆ ماوەی ھەفتەیەک بەتەواوی رادەگیرێت.
لە بەیاننامەکدا ئاماژە دراوە ھەموو شوێنە گشتییەکان وەکو مارکێت، رێستۆرانت و شوێنە بازرگانییەکان نابێت رێگەبدەن بە چوونەژوورەوەی خەڵک بۆ شوێنەکانیان بەبێ بەستنی دەمامک، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنانە دادەخرێن بۆ ماوەی ١٠ رۆژ و خاوەنەکانیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزا دەدرێن.
ھەروەھا بڕیاردراوە بە داخستنی گشت سەنتەر و نۆرینگەکان (پزیشکان، پزیشکانی ددان، کارمەندانی تەندروستی، تاقیگەیی) بۆ ماوەی ١٤ رۆژ.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە داخستنی شوێنە گەشتیارییەکان، پارکەکان، کافتریا و چایخانەکان، ھەروەھا بەردەوامی داخستنی ھۆڵەکانی وەرزشی و لەشجوانی، مەلەوانگەکان و یانەکانی شەوانە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە خواردنگە و چێشتخانەکان بە کراوەیی دەمێننەوە تەنھا بۆ مەبەستی فرۆشتن بە دلیڤەری بەپێی رێنمایی توندی تەندروستی.
لە خاڵێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ھاتووە کە رێگە بە ھاتوچۆکردنی دیپلۆماتکارانی بیانی و ھێزی ھاوپەیمانان لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دراوە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راسپێردراوە بۆ ئاسانکاری و رێگەپێدان بۆ ئاژانسەکانی یوئێن و رێکخراوەکانی سەربە یوئێن لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان.
لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان " راگرتنی ھاتوچۆ لە نێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوام دەبێت و ھاتوچۆکردن لە حاڵەتی زۆر پێویست بەپێی سیستەمی رێگەپێدانی ئەلیکترۆنی دەبێت. ھاوکات ھاتوچۆکردن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق بۆ ماوەی یەک ھەفتە بە تەواوی رادەگیرێت".
ئەوەشخراوەتەڕوو کە شوفێری ئۆتۆمبێل دەبێت دەمامک ببەستێت، بەپێچەوانەوە ٥٠ ھەزار دینار سزا دەدرێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، جەخت لەوەکراوەتەوە کە لە ھەر گردبوونەوەیەکی دەرەوەی شوێن و باڵەخانەکانی حکوومی و کەرتی تایبەت، پێویستە رەچاوی بەستنی دەمامک و مەودای مەترێک و نیو بکرێت.
ھەر لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەروازەی سنووری ئیبراھیم خەلیل بۆ ماوەی یەک ھەفتە بە رووی گەشتیاران دادەخرێت بۆ حاڵەتی زۆر پێویست ھاتوچۆکردن تەنھا بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.