Hawkar Yaseen
09 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری یەکێتیی ئەورووپا و رێکخراوی "UNDP" دیداری ستراتیجیی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستانیان رێکخست.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی لە میانی بەشداریکردنی لە دیدارەکەدا، دەربارەی پرۆسەی چاکسازیی و رووبەڕووبوونەەی گەندەڵی بۆ میدیاکان دوا و رایگەیاند "بابەتی چاکسازیی و پرۆسەی چاکسازیی پرۆسەیەکی بەردەوامە پێویست بە گۆرانکاری لە سیستمی یاساییدا دەکات و پێویست بەوە دەکات دامەزراوەکان بەهێزتربکرێن، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش لە پەرلەمانی کوردستان دەنگ بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە کە بنەما سەرەکییەکانی چاکسازیی بووە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠٢٠مان پەسەندکرد لە پەرلەمانی کوردستان".
راشیگەیاند "کاری پەرلەمانی کوردستان کاری چاودێرییەکی سەرەکییە لەسەر پرۆسەی چاکسازیی، ناتوانم بڵێم بەتەواوی پرۆسەی چاکسازیی هاتووەتە دی، بەڵام پێمان وایە هەنگاوی باش بە ئاراستەی باش نراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەندەڵی ریشەکێش نەکراوە لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بە باشترکردن و قوڵکردنەوەی لایەنی کولتووری هەیە لە هەرێمی کوردستاندا بۆئەوەی رووبەڕووی ئەم بابەتە ببینەوە، پێویستمان بە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هەیە، پێویستمان بە باشترکردنی پرۆسەی یاساسازیی و چاکسازیی هەیە و پێویستمان بە ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێزی لایەنە بەشدارەکانی ناو حکوومەتیش هەیە کە ئەمەش بۆخۆی هاوکارێکی گرنگە بۆئەوەی هیچ لایەنێک بیانوو بەدەست لایەنەکەی دیکەوە نەدات کە رێگربێت لە پرۆسەی چاکسازیی".
هێمن هەورامی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا دەربارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "نوێکردنەوە و کاراکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانمان بۆ لێکتێگەیشتنی فراکسیۆنەکان بەجێهێشتووە، بەڵام کات کراوە نییە لەبەردەمیان کە نەگەنە رێککەوتن، چونکە دەبێت هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت لە مانگی نۆ یان مانگی ١٠ی ساڵی ئایندە، بۆئەمەش دەبێت پێش مانگی سێ کۆمیسیۆن کاراکرابێتەوە، بۆیە داوا لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکەم گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا لەبەرچاو بگرن و هیچ بیانوویەکی حزبیی و بەشکاریی نەکەنە بیانوو، چۆن کۆمیسیۆن لە ٢٠١٤ دروستکراوە هیوادارین بەهەمان شێوە کۆمیسیۆن دروست بکرێتەوە یان ئەگەر گۆڕانکارییەک پێویست دەکات لایەنەکان بە سازان بگەنە رێککەوتن بۆئەوەی خۆمان بۆ هەڵبژارن ئامادەبکەین".
هێمن هەورامی لە وەڵامی ئەوەی تێڕوانینی پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان رایگەیاند "من ئەمڕۆ وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان لێرەم، بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم، رای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە ئەم یاسایەی ئێستا هەیە کە کوردستان یەک بازنەیە و لیستی هەڵبژاردن نیمچە کراوەیە، وەک خۆی بمێنێتەوە و مافی پێکهاتەکان پارێزراوبێت، ئەگەر گۆڕانکارییەکیش پێویست دەکات بدرێتە خولی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان".