Hemn Baban
01 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2019
ھەولێر - AA
جێگری سەرۆکی گشتیی ھودا-پار، زەکەریا یاپجوئۆغڵو رایگەیاند "ھاتنی چاوشئۆغڵۆ بۆ ھەولێر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان باشتر دەکات".
ئەمڕۆ لە گەڕەکی شۆڕش لە شاری ھەولێر ھودا-پار (Hüda-Par) یەکەمین بارەگای خۆی لە دەرەوەی تورکیا کردەوە و چەند لایەنێکی سیاسیش سەردانییان کردن کە سەرۆکی گشتیی حزب و ژمارەیەک لە بەرپرسانی لە پێشوازییاندا بوون.
سەرۆکی گشتیی ھودا پار، ئیسحاق ساغڵام رایگەیاند "ئەمڕۆ بۆ کردنەوەی ئۆفیسی ھەولێرمان لێرەین، ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم نوێنەرایەتییە بەرنامە و ناسنامە و کولتووری خۆمان بە خەڵکی ئێرە بناسێنین، ھودا-پار پارتێکی نوێیە، بەڵام لە ناوچەکەدا پارتێکی خاوەن قورساییە، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان زیاتر دەناسرێت".
ئیسحاق ساغڵام لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە یەکەم نوێنەرایەتیی حزبە لە دەرەوەی وڵات دەکرێتەوە، ئاواتەخوازیین ناکۆکی و کێشەکانی ئەم ناوچەیە بە سیاسەت و پێشنیازەکانمان بۆ چارەسەریی بێتە کۆتایی".
سەرۆکی گشتیی ھودا پار، ئیسحاق ساغڵام سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "ئێمە لەگەڵ بارزانی کۆبووینەوە و پێشتر سەرۆکەکانی گشتیی پێشووی حزب لەگەڵیدا کۆبوونەتەوە و لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆدەبینەوە کە قورساییان ھەیە، ئەم کۆبوونەوەیەش لەگەڵ بارزانی یەکێکە لەو کۆبوونەوانە، دوو ساڵ لەمەوبەریش لەگەڵیدا کۆبووینەوە".
ھودا-پار (پارتی بانگەوازی ئازاد) یەکێکە لە حزبە سیاسییەکانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداریی لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کرد و توانی رێژەی ٧،٨ لەسەدی دەنگەکانی پارێزگای باتمان و ٤،٣٢ لەسەدی دەنگەکانی دیاربەکر ببات.
ھودا- پار خۆی بە "پارتێکی ئیسلامیی کراوە" بەسەر ھەموو تورکیا دادەنێت و بەشداریی سیاسی بە میکانیزمێک بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی دەبینێت.
جێگری سەرۆکی گشتیی ھودا-پار، زەکەریا یاپجوئۆغڵو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی خۆمان دەکەینەوە کە یەکەمجارە لە دەرەوەی تورکیا ئەو کارە دەکەین. لە نێوان تورکیا و ھەولێر چەند سەد کیلۆمەترێک ھەن و لەھەردوو لا کورد دەژیین و تێکەڵاوییەکی زۆر لە نێوان ھەردوو لا ھەیە لە نێوان گەلانی ھەردوولا ھەیە، ئێمە لە خزمەتی میللەتی خۆمان دەبین، بۆ خۆشی و ئارامی چی لەسەر ئێمە بێت ئامادەیین".
زەکەریا یاپجوئۆغڵو گوتی: "رەنگە لە شوێنی دیکەش بیر لە کردنەوەی ئۆفیس بکەینەوە لە بەغدا بۆ نموونە یان لە شوێنی دیکەش رەنگە لە سلێمانی و ھەڵەبجەش بیری لێ بکەینەوە".
جێگری سەرۆکی گشتیی ھودا-پار ئەوەشی گوت "پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و تورکیا تا دێت باشتر دەبێت، پێشتر لە سەردەمی ریفراندۆمیش ئەو پەیوەندییانەش نەبڕان، بەڵکو زمانی وشک ھاتە بەکارھێنان، بەڵام دوای ھاتنی چاوشئۆغڵۆ بۆ ھەولێر پەیوەندییەکان زۆر باشتر دەبن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی ھەردوولا".