Oğuzhan Sarı
07 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو سەرلەنوێ بۆ سەرۆکایەتی گشتیی پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار) هەڵبژێردرایەوە.
بە دروشمی "سیستمی دادپەروەر، هاوبەشی ڕاستەقینە"، هودا پار پێنجهەمین کۆنگرەی گەورەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەست.
لەو هۆڵەی کۆنگرەکە بەڕێوەچوو، ئاڵای پارتەکە و دروشمی "خێزانی بەهێز، نەوەی بە ڕەوشت، کۆمەڵگای خاوێن" و وێنەی یاسین بۆرو و هاوڕێیانی کە لەو کردەیەی بە بیانووی کۆبانی لە ٦-٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا ڕوویدا کوژران، هەڵواسرا.
لە کاتی هاتنی سەرۆکی گشتیی پارتەکە، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو بۆ هۆڵی کۆنگرەکە، لایەنگرانی پارتەکە هەستانە سەرپێ و بە چەپڵەڕێزان پێشوازیان لێکرد.
لایەنگرانی ئامادەبووی کۆنگرەکە بە دەم تەکبیرکردنەوە هوتافیان بۆ پشتیوانی لە فەڵەستین کێشا.
پاشان قورئانی پیرۆز خوێندرا و لەلایەن هونەرمەندانەوە چەند کۆپلەیەک گۆرانی گوترا.
لە پاش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دیوانی پارتەکە، داوا کرا سەرۆکی ئێستای پارتەکە یاپیجیئۆغڵو سەرلەنوێ کاندید بکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە.
یاپیجیئۆغڵو کە وەک تاکە کاندید چووە کۆنگرەکەوە، سوپاسی لایەنگرانی بەشداربوو و میوانانی کۆنگرەکەی کرد.
لە گوتارێکیدا کە لە کۆنگرەکە پێشکەشی کرد، سەرۆکی گشتیی هودا پار یاپیجیئۆغڵو، باسی لەوە کرد کە سیۆنیزمی دڕندە نۆ مانگە مسوڵمانان کۆکوژ دەکات، لایەنگرانی پارتەکەی هەردەم لە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی دەکەوێتە سەر شانیان بەرامبەر ئەو ستەمەی دەکرێت.
یاپیجیئۆغڵو باسی لەوە کرد کە لە غەززە دڕندەییەکی پۆست مۆدێرن ڕوو دەدات و، سیۆنیزم گەورەترین تیرۆریزی سەردەمە و گوتی: "ئەوەی لە فەڵەستین و بەتایبەتی لە غەززە ڕوو دەدات، تیرۆرێکی جیهانییە کە پێکهاتەیەکی زۆری هەیە. سیۆنیزمەکان باڵی چەکداری ئەم پێکهاتە جیهانییەن".
هەروەها یاپیجیئۆغڵو باسی لەوە کرد کە تیرۆری جیهانی تەنیا بە هاودەنگییەکی جیهانیی لەناو دەبرێت.
سەرۆکی گشتیی هودا پار یاپیجیئۆغڵو باسی لە دەستوور و پرسی کورد کرد و، ئەوەی خستەڕوو کە پرسی کورد ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی دەستوورەوە و، باسی لەوەیش کرد کاتێک لە تورکیادا دەستوورەکان گۆڕدران، پرسی کوردیش قووڵ بووەتەوە.
یاپیجیئۆغڵو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چارەسەری پرسی کورد تورکیا گەورە و بەهێزی دەکات و گوتی: "مافی خوێندن بە زمانی دایک بە مافێکی سەرەکی دەبینین و پێمانوایە پێویستە تەواوی بەربەستەکانی بەردەم خوێندن بە زمانی دایک هەڵبگیرێن و نەهێڵدرێن".
پاش گوتارەکەی یاپیجیئۆغڵو، کارەکانی دەنگدان دەستیپێکرد.
لەو دەنگدانەدا کە ٦٤١ نوێنەر بەشداریان کرد یاپیجیئۆغڵو ٦٤٠ دەنگی بەدەستهێنا و، سەرلەنوێ بە سەرۆکی گشتیی هودا پار هەڵبژێردرایەوە.