عێراق

هاوردەکردنی شاژنی هەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرهەمی هەنگوین

هەنگەوان سەربەست قادر: "بەداخەوە ئێستا مەلیکە (شاژنی هەنگ)ی فرەڕەچەڵەک دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، گۆڕینی رەچەڵەکی هەنگ پێویستی بە چەندین ساڵ توێژینەوە و بەدواداچوون هەیە، چونکە کە رەچەڵەک بگۆڕدرێت وا دەکات کە جیناتی هەنگەکە هەمووی بگۆڕدرێت".

Heman Hussein Yaseen  | 17.05.2022 - نوێکردنەوە : 18.05.2022
هاوردەکردنی شاژنی هەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرهەمی هەنگوین

Arbil

هەولێر - AA

هەنگ یان مێشهەنگوین سێ رەگەزی جیاوازی هەیە و هەر یەکێکیان بەرپرسە لە کارەکەی خۆی و شارەزایان و زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم مێرووە توانای جیاکردنەوە و ناسینەوەی رووخساری کەسەکانی ھەیە و دەتوانێت بیانناسێتەوە، جگە لەوەش مێشکی ھەنگ بە بیست ھەزار جار لە مێشکی مرۆڤ بچووکترە، بەڵام کارەکانی زۆر لەسەرووی توانای مرۆڤەوەیە بەجۆرێک لەکاتی فڕیندا چاوەکانی بەڕێگەیەکی ناوازە ‌کاردەکەن ‌و زانیارییەکان بەشێوەیەکی زۆر خێرا دەگوازنەوە بۆ مێشک کە بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ مێشکە بچووکەکەی ناگونجێت.

مێشهەنگ لەکاتێکدا کە بەخێراییەکی زۆر دەفڕێت، ئەوا دەتوانێت گوڵەکان لەیەکتر جیابکاتەوە و بەربەستەکانیش دەستنیشان دەکات و دەتوانێت ئاسانترین رێگا بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بگاتە گوڵەکان.

بەخێوکردنی ھەنگ جگە لەوەی حەز و خولیایە لەلایەن ھەنگەوانان، هەروەها داھاتێکی باشی ھەیە بەھۆی بەرھەمھێنانی ھەنگوینەکەی کە لە رووی تەندروستیشەوە چارەسەری بەشیکی زۆری نەخۆشییەکان دەکات، بەڵام چەند ساڵێکە جۆری باش و خراپی هەنگوین بووەتە دەستپێکی پرسیاری کڕیاران و هەنگەوانێکیش ئاماژە بەوە دەکات کە هەنگوینی باش و خراپ یان لە رێگای تاقیگە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت یان متمانەبوون بەو کەسەی هەنگوینەکەی لێ دەکڕدرێت.

هەنگەوان سەربەست قادر کە نزیکەی ٢٠ ساڵە هەنگ بەخێودەکات و سەروسەودایەکی باشی لەگەڵ مێشەکانی هەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەنگ بۆ دوو مەبەست بەخێو دەکرێت، یەکێکیان حەز و خولیایە و ئەوەی دیکە بازرگانییکردنە، ئەگەر بابەتە بازرگانییەکە بێت و بتەوێت هەنگوینێکی سروشتییت هەبێت، ئەوا دانانی هەنگەکە لە شوێنێکی دوورەدەست وەک ناوچەی کوێستانەکان زۆر گرنگە، هەروەها نابێت بابەتی کیمیایی بەکاربێت، ئەگەر لەکاتی کۆکردنەوەی شیلە، ماددەی کیمیایی بەکارهات، ئەوا لە شەکر خراپترە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار دەبیستین خەڵک زۆر باسی شەکر دەکات لە کاتێکدا لە هەموو دونیا شەکر بە هەنگ دەدرێت، بەڵام بەشێواز و کاتی گونجاو، لەگەڵ ئەوەشدا دوو شێواز هەیە بۆ ناسینەوەی هەنگوینی باش و خراپ، یەکێکیان لە رێگای تاقیکردنەوە و ئەوەی دیکە لە رێگای متمانەیە بەو کەسەی کە هەنگ بەخێو دەکات".

ئەگەرچی ژمارەی هەنگەوانان بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمی کردووە، بەڵام رێژەی بەرهەمهێنانی هەنگ زیادی کردووە و ئەو هەنگەوانەش هۆکاری کەمی هەنگەوان بۆ نەبوونی کێڵگەی دەستکرد دەگەڕێنێتەوە و گوتی: "لە بەخێوکردنی هەنگدا کێشەی سەرەکی نەبوونی کێڵگەی دەستکردە، بۆیە پشت بە سروشت دەبەستین و ساڵی وا هەیە کە سروشت یارمەتیدەرە و دەتوانین رێژەیەکی باش هەنگوین کۆبکەینەوە، هەروەها چەند کێشە و گرفتی دیکە هەیە ئەویش زۆربوونی نەخۆشی (ڤاروا)یە کە نەخۆشییەکی کوشندەی هەنگە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانەکانی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە هەمووی لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێت و سەدا ١٠ی کار ناکات هەر ئەمەشە وایکردووە کە ئەم نەخۆشییە لە هەڵکشاندابێت لە کوردستان، بۆیە ئەگەر هەنگەوانێکی زیرەک نەبێت، ناتوانێت ئەم نەخۆشییە کۆنترۆڵ بکات".

گوتیشی: "زۆربوونی شوێنە پیشەسازییەکان وایکردووە سروشت لەناوبچێت، ئەوەی هەنگەڵانی تایبەتی هەبێت ئەوا باشە، بەڵام ئەوەی دیکە بە زەحمەت شوێنی دەست دەکەوێت هەر بۆیەش خەریکی ئەوەین ژمارەی هەنگەکانمان کەم بکەینەوە. لە وڵاتان چەند شوێنێکی تایبەت بۆ هەنگەڵان تەرخان دەکرێت، بەداخەوە لە کوردستان ئەوە نییە و حکوومەت هاوکار نەبووە لەم بوارەوە".

ماوەی چەند ساڵێکە شاژنی هەنگ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی هەنگەوانان و پێیان وایە شاهەنگی بیانی دەبێتە هۆی گۆڕینی بۆهێڵەکانی هەنگەکە و لەمبارەیەوە هەنگەوان سەربەست قادر گوتی: "بەداخەوە ئێستا مەلیکەی فرەڕەچەڵەک دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان، گۆڕینی رەچەڵەکی هەنگ پێویستی بە چەند ساڵ توێژینەوە و بەدواداچوون هەیە، چونکە کە رەچەڵەک بگۆڕدرێت وا دەکات کە جیناتی هەنگەکە هەمووی بگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەی لە کوردستان هیچ هەنگەوانێک شوێنی تایبەت بەخۆی نییە کە ١٠ کیلۆمەتر مەودا لە هەنگەڵانەکەی دیکەوە دوور بێت، بۆیە ئەمە وایکردووە کە کەسێک رەچەڵەکێکی خراپ دەهێنێت ئەوا دراوسێکانیشی وێران دەکات، چونکە دیار نییە ئەم مەلیکەیە چۆن پیتێندراوە".

سەربەست قادر ئاماژە بەوەش دەکات کە بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە، پارساڵ بە هەزاران شاژنی هەنگ لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون و لەمبارەیەشەوە دەڵێت "هاوردەکردنی مەلیکە لە هەموو دونیا یاسا و رێسای خۆی هەیە لە حکوومەتی عێراق و هەرێمیش یاسایەکی تایبەت بەم بوارەوە هەیە، بەداخەوە دەتوانم بڵێم پار چەندەها هەزار مەلیکە لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم کراون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بتەوێت مەیلەکەیەک لە ئەڵمانیاوە هاوردە بکەیت ئەوا تێچووەکەی نزیکەی هەزار دۆلارە، بەڵام ئایا هۆکار چییە مەلیکەی دیکە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت کە تێچووەی تەنیا بیست هەزار دینارە".

سەربەست قادر دەشڵێت "خراپییەکەی بە ساڵێک و دوو ساڵ بەدیار ناکەوێت، چونکە ئەو مەلیکەیەی هاوردە دەکرێت وا دەکات جیناتی ئەو هەنگە بگۆڕێت، ئەمەش کاتی دەوێت، ئێمە وەکو خۆمان دەتوانین خراپی ئەو مەلیکانە بزانین کە بریتییە لەوەی لە رووی پیتاندنەوە بەرگەی یەک ساڵ گەرا دانان دەگرێت، گەرا دانان بۆ یەک رۆژ دەبێت هەزار و ٥٠٠ گەرا بێت، ئەگەر لەو رێژەیە کەمتر بوو کەواتا خراپە".

هەرچەندە بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی هەنگوین و شاژنی هەنگ قەدەغەیە، بەڵام ئەو هەنگەوانە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆمەڵەی هەنگەوانان چەندین شاژنیان هاوردە کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەنگوێنێکی خراپ بەرهەم بێت و لەمبارەیەوە سەربەست قادر گوتی: "کۆمەڵەی هەنگەوانانی کوردستان خۆیان مەلیکەیان هاوردە کردووە، دەبووایە لە رووی راگەیاندنەوە فشارێکی وایان دروست بکردایە کە رێگربوونایە لەبەردەم هاوردەکردنی مەلیکە، بەڵام بەداخەوە خۆیان هاوردەیان کردووە، بێگومان ئەمەش وادەکات کە بەرهەمێکی خراپیان هەبێت و بەهۆی زۆری رێژەی مەلیکەکانیش، ناتوانرێت لەناوببردرێن".

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری پاراستنی رووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، فاخیر ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە هاوردەکردنی شاژنی هەنگ بەپێی یاسا قەدەغەکراوە و تەنیا ئەو هەنگانە رێگاپێدراون کە بەستەبەندکراون و لە وڵاتی میسرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ناوبراو جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لەبارەی هەنگە هاوردەکراوەکانیش یاداشتێکیان داوەتە سەرووی خۆیان بۆ ئەوەی ئەوانیش قەدەغە بکرێن.

فاخیر ئەحمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی یاسای عێراقی، هاوردەکردنی مەلیکە قەدەغەیە، ئەوەی ئێستا هاوردە دەکرێت بە رێگای قاچاغەوە دێت، چونکە لە سەرەتای ئابی ٢٠٢٠وە هاوردەکردنی هەنگوینیش قەدەغەکراوە، واتا هەم هەنگ و هەم هەنگوین قەدەغەیە هاوردە بکرێن".

گوتیشی: "لەئێستادا تەنیا مێش بە رێگای بەستەبەندەوە رێگاپێدراوە هاوردە بکرێت، واتا شانەی لەگەڵدا نییە، بەڵام بەھۆی ئەوەی بەستەبەندەکانیش مەلیکەی تێدایە بۆیە داومان کردووە کە هاوردەی ئەوەش کە لە وڵاتی میسرەوە دێت قەدەغە بکرێت، چونکە ھەنگێکی باش نییە و لەگەڵ کەشوھەوای کوردستان ناگونجێت".

لەبارەی کوالێتی ئەو شاژنەی بە رێگای قاچاغەوە هاوردە دەکرێت، فاخیر ئەحمەد گوتی: "ئەوەی لە ئێران دێت تەلقیحی دەستکردە و ئەمەش باش نییە، چونکە ھەر ساڵی یەکەم کاردەکات و دواتر مێشەکە خراپ دەبێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر هەنگوینەکە دەکات، هاوکات ئێمە وەکو وەزارەت بەدواداچوون دەکەین، بەڵام بەداخەوە، دەبینین کە رێنماییەکانی ئێمە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە".

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی رووەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٠ هەزار و ٥١٣ هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەبووە کە تێکڕا بڕی ٦٧٢ تۆن و ٨٩٦ کیلۆ هەنگوینان بەرهەمهێنابوو.

هاوکات لە ساڵی ٢٠٢١دا، ژمارەی هەنگەوانەکان دابەزیووە بۆ نۆ هەزار و ١٣١ هەنگەوان و تێکڕای بەرهەمیان بریتیی بووە لە ٨٥٣ تۆن و ٢٦١ کیلۆ هەنگوین.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın