Rewa Mahmood Hasan
30 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2023
سلێمانی - AA
نەنە خورشید کە بە مووچەی کەمئەندامێتیەکەی بەشداری کرد لە کەمپەینی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی چەند شارێکی تورکیا و بەو هۆیەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، لەئێستادا و لەسەر ئەرکی رێکخراوێکی خێرخوازیی لەپای ئەو هەڵوێستەی، رەوانەی سعوودیە کرا بۆ ئەنجامدانی عەمرە لە خاکی پیرۆز.
نەنە خورشید (٧٥ ساڵ) کە خاوەن پێداویستی تایبەتە لە کاتی روودانی بوومەلەرزەکەی چەند شارێکی تورکیا کە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا روویدا، دوای ئەوەی مووچەکەی وەرگرت راستەوخۆ بەخشی بە کەمپەینەکانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە و بەهۆیەوە بووە جێی سەرنجی زۆرێک لە میدیاکان.
نەنە خورشید لە رێگەی رێپۆرتاجێکەوە لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوکات باسی لە سەرگوزشتەی بەشداریکردنی لەو کەمپەینە کرد و رایگەیاند کە ئەو خوازیاری ئەوەیە بچێتە حەج و عەمرە بکات.
رێکخراوێکی خێرخوازی لە هەرێمی کوردستان ئەرکی بەجێگەیاندنی عەمرەی بۆ نەنە خورشید گرتە ئەستۆو بۆ ئەو مەبەستە دوێنێ ٢٩ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی-یەوە بەرەو خاکی پیرۆز بەڕێکەوت بۆ بەجێگەیاندنی عەمرە.