Hawkar Yaseen
01 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2021
هەولێر AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە یادی شەهیدانی یەکی شوباتدا لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات یادی شەهیدانی یەکی شوبات بکەن بە هەوێنی یەکڕیزی.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "له یادی شههیدانی یەکی شوباتدا سهری رێز و نهوازش بۆ گیانی پاکیان دادهنوێنین، به شکۆوه یادیان دهکهینهوه، با یادی شههیدانی سهرکرده، ئازیزان و خۆشهویستانمان که خوێنیان تێکهڵ بوو، پێکهوه شههید بوون، بکهینه ههوێنی یهکڕیزی و پێکهوهیی بۆ بهدیهێنانی ئامانجهکانیان".
لە یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤دا لە یەکەمین رۆژی جەژنی قورباندا و لە یەک کاتدا لە لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوو تیرۆریستی خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە کە بەهۆیەوە ١٠٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەیش برنیداربوون، دوای تەقینەوەکەش رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان راگەیاند.