نۆ تیرۆریستی داعش لە کەرکووک کوژران
- لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، نۆ تیرۆریستی داعش کوژران.
ھەولێر ــ AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کوژرانی نۆ تیرۆریستی داعشی لە پارێزگای کەرکووک راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاوی کردەوە کە ھێزە ئەمنییەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە چیای گراو باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ھێزەکانی سوپا حەشارگەیەکی پاشماوەکانی داعشیان لە ناوچەکە تەقاندووەتەوە کە نۆ تیرۆریستی تیایدابوو و سەرجەمیان کوژراون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە یەکێک لە تیرۆریستە کوژراوەکان ناوی ئەبو عومەر-ە و لە بەناو فیرقەی نەھاوەند چەکداربووە و بە ئەبو سەفییە ناسراوبوو.
ئاماژەی بەوەش داوە کە تیرۆریستە کوژراوەکان لە ١٤ی مانگی نیسانی رابردوو، پەلاماری خاڵێکی سوپای عێراقیان دابوو لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک.