Sarmand Hameed
10 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، دوای تەواو بوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات و هیوای خواست کە ھەموو ئەو بەربژێرانەی متمانەی ھاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە دەست دەھێنن و دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە یەکدەنگی و پێکەوە کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی بە بۆنەی کۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "بە بۆنەی کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسێکی گەرمی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کورستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەکەم بۆ بەشدارییان لەو پرۆسە دیموکراسییە و ھەستکردنیان بە بەرپرسیارێتی لە پرۆسەی سیاسیی و بەرگریی کردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان".
مەسرور بارزانی سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و کارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کردووە بۆ بە سەرکەوتووی بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و رایگەیاندووە: "سوپاسی پێشمەرگە و ھێزەکانی ناوخۆ بەگشتی دەکەم کە ئەرکی خۆیان لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان، بە باشترین شێوە بە جێگەیاند، ھەروەھا سوپاسی کارمەندانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، ھەرچەندە بەداخەوە لە چەندین بنکە و وێستگەی دەنگدان کێشەی تەکنیکی روویدا و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە مافی دەنگدان بێ بەشبوون".
مەسرور بارزانی ئاشکرای کردووە کە لە چەند شوێنێک بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، لە لایەن چەند گرووپێکی چەکداری لە یاسا بەدەر، رێگری لە دەنگدەران کراوە بگەنە بنکەکانی دەنگدان و دەڵێت: "ئەمە مایەی نیگەرانیی و نارەزایی قووڵی ئێمەیە و دژی بنەماکانی دیموکراسی و مافی ئازادیی بەشداریی کردنە لە پرۆسەی دەنکدان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ئاشکرا کردووە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەنجامیداوه و دەڵێت: "ئەم ئێوارەیە لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی بەتەلەفۆن قسەم کرد و پیرۆزباییم لێ کرد کە بەڵێنی خۆی بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەخت بردە سەر".
راشیگەیاندووە: "ھەردوولا ھاوڕابووین لە سەر گرنگیی لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون بە شێوەیەکی روون و شەفاف و لەکاتێکی دیاریکراودا، بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە کاتی پرۆسەی دەنگداندا روویاندا".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "دڵنیام سەرۆکوەزیران، دەتوانێت ئەرکەکانی قۆناغی کاربەڕێکردن بە باشی بەڕێوە ببات و لەم رووەوە ھاوکار و پشتیوانی دەبین".
مەسرور بارزانی باسی لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان کردووە و رایگەیاندووە: "ئێستا دوای تەواوبوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن، قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات، ھیوادارم ھەموو ئەو بەربژێرانەی متمانەی ھاووڵاتییانی کوردستان بە دەست دەھێنن و دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە یەکدەنگی و پێکەوە، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی کولتووری دیموکراسی و رێزگرتن لە پرنسیپەکانی ھاوبەشیی و ھاوسەنگی و سازان، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدرالی لە عێراقدا".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە کە نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پشت لە ململانێ ناوخۆییەکان بکەن و ھەموویان لە بەغدا بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی، کار بکەن بۆ ئەوەی، پێگەی ھەرێمی کوردستان، لە عێراقی فیدراڵدا بەھێز بێت و مافە دەستورییەکانی کوردستانییان دەستەبەر بکرێن و رایگەیاندووە: "بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان لە پەیوەندیدا دەبین".
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرانسەری عێراق دەستی پێ کرد و تاوەکو شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام بوو.
لە سەرانسەری عێراق بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان هەشت هەزار و ٢٧٣ بنکەی دەنگدان کرابوونەوە کە ٥٥ هەزار و ٤١ وێستگەی دەنگدانیان تێدا بوو.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشداربوون، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆبوون، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.