Sarmand Hameed
25 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوایەک لە ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت، "عێراق بووەتە قوربانی ناکۆکی (ئەمریکی - ئێرانی) بە شێوەیەک زیانی پێگەیاندووە کە ناکرێت بێدەنگی لێ بکرێت".
موقتەدا سەدر لە تویتێکیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی "عێراق بووەتە گۆڕەپانی ئەمنی و سیاسیی و ڤایرۆسیی و ئەوەش بووەتە لاوازکردنی حکوومەت و گەلیشی ماندوو کردووە".
موقتەدا سەدر داوا لە ئێران دەکات کە عێراق دووربخاتەوە لە ناکۆییەکانی و شکۆی و سەربەخۆیی حکوومەتەکەى بپارێزێت، هاوکات هۆشداریی بە ئەمریکا داوە کە دووربکەوێتەوە لەو ناکۆکیی و ململانێیانە چونکە عێراق و عێراقییەکان لایەنێک نین لە ناکۆکییەکان و دەڵێت "ئێمە لە قۆناغی بنیاتنانی عێراقی خۆشەویستمانداین".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نووسیوویەتی "لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکەمان، هەڵوێستێکی عێراقی و نیشتمانیمان دەبێت بۆ پاراستنی نیشتمان و گەل و پیرۆزییەکانمان و عێراق جگە لە خودا چۆک بۆ هیچ لایەنێک دانادات".
لەلایەکی دیکەوە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رايگەياند، دوو فەوجی کۆماندۆی سوپای عێراق لە بەغدای پایتەخت بڵاوکراوەنەتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای کردبوو باری لەناکاو لە بەغدا رابگەیەندرێت.
لەوبارەیەوە سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد رەزا ئال حەیدەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لیژنەکەیان لەگەڵ بانگەوازەکەی موقتەدا سەدرە سەبارەت بە راگەیاندنی باری لەناکاو لە بەغدا و گوتی، "پێویستە سوپای عێراق ئەو ناوچانەی بەغدا کۆنترۆڵ بکات کە مووشەکیان لێوە ئاراستەی باڵیۆزخانەکان دەکرێت کە بەپێی یاساکانی نێودەوڵەتی ھێڵی سوورە".
پێشتر موقتەدا سەدر داوای کردبوو کە باری لەناکاو لە بەغدای پایتەخت رابگەیەندرێت و راشیگەیاندبوو کە پشت بە ھێزەکانی سوپای عێراق ببەسترێت بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و نێردەکانی دیپلۆماتی لە بەغدا.