Heman Hussein Yaseen
03 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2026
هەولێر - AA
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە و پڕۆکسییەکانی ئێران لە ناوخۆی عێراق دەستیان بە ھێرشە دڕۆنیی و مووشەکییەکان بۆسەر ھەرێمی کوردستان کردووە و تا ئێستاش ھێرشەکان درێژەی ھەیە، ھاوکات چەند مووشەکێکی بالیستی ئێرانییش ئاراستەی فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگە کراوە لە ناوچەی خەلیفانی پارێزگای ھەولێر.
بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لەوەتەی دەستپێکی ھێرشەکان بۆسەر ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا ٦٠٠ ھێرشی دڕۆنیی و مووشەکی ئاراستەی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ھەڵەبجە کراون کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک قوربانی لێکەوتووەتەوە، ئەمە وێڕای زیانە ماددییەکان و چۆڵکردنی چەند شوێنێکی نیشتەجێبوون.
بەپێی زانیارییەکان لە کۆی ئەم ٦٠٠ ھێرشەی کراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان، ٤٦٣ ھێرش بۆسەر ھەولێر، ١٠٥ ھێرش بۆ سەر سلێمانی، ٣٠ ھێرش بۆ سەر دھۆک و دوو ھێرشیش بۆ سەر پارێزگای ھەڵەبجە ھەبووە.
بەھۆی ئەم ھێرشانەوە تا ئێستا ١٤ کەس گیانییان لەدەستداوە کە لەوانە ٦ پێشمەرگە لە ھێزێکی فرقەی ٥ی ھێزەکانی پێشمەرگە، ھەروەھا ٦ پێشمەرگە لە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و یەک کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و یەک ئەفسەری فەڕەنسیش لە بارەگایەکی ھاوبەشی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی مەلا قەرە سنووری قەزای مەخموور.
ھاوکات ٩١ کەسیش بەھۆی ھێرشەکانەوە برینداربوونە و زۆرترین ھێرشیش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بووە و بەھۆیەوە بەشێک لەو ماڵانەی کە شوێنی نیشتەجێی ھاووڵاتییانی مەدەنین و کە کەوتووەتە نزیک فڕۆکەخانە، بە مەبەستی سەلامەتی گیانی خۆیان و منداڵەکانییان، شوێنەکانییان چۆڵکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆر لە ھێرشەکان کراوەتە سەر شوێنی سڤیلنشین و کۆمپانیا بازرگانییەکان و بەھۆیەوە زیانی ملیۆنان دۆلار لە ھاووڵاتییان و بازرگانانی ھەرێمی کوردستان دراوە و وێڕای ئیدانەکردنی ھێرشەکانیش، حکوومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەردەوام داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن کە بێنە سەر ھێڵ و ڕێگریی بکرێت لە ھێرشەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.
بەھۆی ھێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ماوەی مانگێک دەبێت پڕۆسەی خوێندن ڕاگیراوە و ھێرشە ھەڕەمەکییەکان ترس و دڵەڕاوکێیان خستووەتە دڵی ھاووڵاتییان و بەردەوام دەنگی دڕۆن و تەقینەوە لە ئاسمانی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەبیسترێت.