عێراق

لە یادی کارەساتی ئەنفالدا گرژی رووی دا

بەرپرسی رێکخراوی چاک بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان، هاوڕێ ئەحمەد: "تا ئێستا یاساکانی دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێ نەکراوە، لەوانە دەستگیرکردنی ئەو (جاشانەی) دەستیان لە کردەوەی ئەنفالدا هەبووە".

Rewa Mahmood Hasan  | 14.04.2021 - نوێکردنەوە : 17.04.2021
لە یادی کارەساتی ئەنفالدا گرژی رووی دا

As Sulaymaniyah

گەرمیان - AA

لە ساڵیادی کارەساتی شاڵاوی ئەنفالدا کە ٣٣ ساڵ تێپەڕیووە بەسەریدا، هەندێک لە کەسوکاری قوربانییان رێگری دەکەن لە بەرپرسان بەشداری بکەن لە مەراسیمەکەدا و بەو هۆیەوە گرژی دروست بوو.

ئەمڕۆ ١٤ی نیسانی ٢٠٢١ لە گوندی دێبنە سەربە شارەدێی باوەنوور لە قەزای کەلار یادی ٣٣ ساڵەی شاڵاوی ئەنفال کرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا هەندێک لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال رێگریان دەکرد لە بەرپرسان کە بەشداربن لە مەراسیمەکەدا بەبیانووی ئەوەی کە تا ئێستا هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

سەبارەت بە هۆکاری گرژیەکە هاوڕێ ئەحمەد کە بەرپرسی رێکخراوی چاک بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوانە و هاوکات خاوەنی ١٠ خوشک و برای ئەنفالە، دەڵێت، ''حکوومەت گوێ ناگرێت لە کەسوکاری ئەنفالکراوان، تەنیا لە ١٤ی نیساندا گوێ لە داواکارییەکان دەگیرێت و رۆژانی دواتر پشتگوێ دەخرێن. تا ئێستاش رووفاتی قوربانییانی ئەنفال کراو نەهاتوونەتەوە، هێشتا قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەکراونەتەوە، تا ئێستا یاساکانی دادگای باڵای تاوانەکان جێبەجێ نەکراوە، لەوانە دەستگیرکردنی ئەو (جاشانەی) دەستیان لە کردەوەی ئەنفالدا هەبووە".

هاوڕێ ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لەو کوردانەی لە پرۆسەی ئەنفالدا بەشداربوون لە تاوانەکەدا، ئێستا لەلایەن هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم و بەغداوە دەپارێزرێن هەر ئەمەشە وای کردووە زۆرێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان توڕە و نیگەران بن و دەڵێت ''بەشێک لەو جاشانەی بەشداربوون لە تاوانی ئەنفالدا، ئێستا لە هەرێم و بەغدا رێزیان لێدەگیرێت، کەسوکاری قوربانییانیش بەوەی کە قەرەبوو ناکرێنەوە سزا دەدرێن، بۆیە ئەمە وای کردووە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال توڕە بن. هەر ئەمەیە بۆتە هۆی تەقینەوەی ناخی کەسوکاری قوربانییان لەکاتێکی وەهادا".

- ئەنفال لە کوردستان

شاڵاوی ئەنفال لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق بە هەشت قۆناغ دژبە گەلی کورد جێبەجێکرا کە تیایدا رژێمی پێشوو چەندین ھێرشی ئەنجامدا و جگە لە زیندە بەچاڵکردنی پیاوان و منداڵان و ژنان، لە هەندێک ناوچە چەکی کیمیاییشی دژبە گەلی کورد لە عێراق بەکارھێنا. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەستیکرد بە بەدواداگەڕانی رووفاتەکان و تا ئێستا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵی هەڵداوەتەوە و رووفاتەکانی گواستووەتەوە زێدی خۆیان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın