Ozhin Jola
13 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2021
کەرکووک – AA
ئەمڕۆ ١٣ حزب و لایەنی کوردستانی بەبێ ئامادەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆبوونەوە و پاشان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، بەرپرسی پەیوەندیەکانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، سەڵاحەددین ساڵەیی بەمیدیاکانی راگەیاند ''ئێمە وەکو حزب و لایەنە کوردستانییەکان پاش کۆبوونەوەمان بڕیارماندا بەئەنجامدانی رێوڕەسمێکی شایستە لە یادی ئەنفال لە گوندی تۆپزاوای شاری کەرکووک، ئەنجامدانی ئەم یادە لەکاتێکدایە کە ئەنفالکردنی کورد تا ئێستا بەردەوامە، بەڵام بەشێوازێکی تر، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین بەخۆیدا بچێتەوە و رێز لەکەسوکاری ئەنفال بگرێت''.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەنگی عزەددین ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە سەرکردایەتی کورد کاری جیددی نەکردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی ئەنفال جگە لەوەی کاری پێویست بۆ کەسوکاری ئەنفال نەکراوە و وەک پێویست نەبووە.
جەنگی عزەددین ئاماژەی بۆ ئەوەیشکرد کە لە رێوڕەسمەکەدا رۆژی چوارشەممە، پێکھاتەکانی تر بانگھێشتی رێوڕەسمی یادی ئەنفال ناکرێن و تەنھا بەرپرسانی کورد و حزب و لایەنە کوردستانییەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان ئامادەی رێوڕەسمەکە دەبن.
لە ساڵی ١٩٨٨ و بەچەند قۆناغێک حزبی بەعس ئەنفالی گوند و خێزانی کوردی ناوچەی گەرمیانی کرد و ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی کوردی لەو پرۆسەیەدا ئەنفال کرد.