Sarmand Hameed
28 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەدفاتیح جەلال رایگەیاند، ۲۲ نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بەتەواوی چاکبوونەوە و باری تەندروستیان تەواو جێگیر بووەتەوە و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تایبەتی یەک لەدوای یەک بۆ هەر ۲۲ تووشبووەکە و دەرچوونی ئەنجامەکانی بە نێگەتیڤ، بڕیاردرا بنێردرێنەوە ماڵەوە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر راشیگەیاند، کۆی گشتی ئەو نەخۆشانەی دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پارێزگای هەولێر چاکبوونەتەوە، گەیشتە ٦۸۹ کەس.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە کۆی هەزار و ١٤١ تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای هەولێر، ٦۸۹ یان چاکبوونەتەوە و ٢٢ نەخۆشیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، و لە ئێستادا ٤٣٠ نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێری پزیشکیدان.