Rewa Mahmood Hasan
28 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2021
سلێمانی - AA
دەزگای ئاسایشی هەرێم سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت کە دوو سەرکردەی داعش و چەند تیرۆریستێکیان لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی دەستگیرکردووە کە بەنیازی کردەوەی تیرۆریستی بوون لەو سنوورانەدا.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢١، دەزگای ئاسایشی هەرێم سەربە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە تیمی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، لە چوار ئۆپەراسیۆنی هاوکاتدا، لە پارێزگای هەڵەبجە چوار تیرۆریستیان دەستگیرکردووە کە دووانیان بەناو سەرکردەی ویلایەتەکانی باشوور بوون و ئەوانی دیکەیش تاقمی تیرۆریستی سەربەو رێکخراوە بوون. هاوکات باس لەوەش کراوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە شاری سلێمانی توانراوە تیرۆریستێکی سەربە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستگیر بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەھاوکاری بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دوو سەرکردەی داعش و تاقمێکی تیرۆریستی لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەستگیردەکەن کە وەک شانەی نەنستوو لە سنووری ھەرێم خۆیان حەشاردابوو کە لە ھەوڵی خۆڕێکخستندابوون بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم و ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی مەرام و پیلانەکانی داعش".
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەزگاکە بڵاویکردووەتەوە "ئەو گرووپە تیرۆریستەی داعش پیلانیان داناوە خۆیان رێکبخەن و ئامادەبکرێن بۆ چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە "راستەخۆ بەبڕیار و سەرپەرشتی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە و دوای یەک مانگ بەدواداچوونی ورد و دەستخستنی زانیاریی و بەڵگە و دیاریکردنی شوێن و مانەوەی تیرۆریستان و چاودێریکردنیان، پاش رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە و بەبڕیاری سەرۆکی دەزگا شەوی ٢٧ لەسەر ٢٨ی تەمووز جوڵە بەھێزەکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی شارەزوور کرا و لە پارێزگای ھەڵەبجە لە چوار ئۆپەراسیۆنی گەورە و ھەڵمەتی ھاوکاتدا ھەر چوار تیرۆریست بەناوەکانی (ع. ح) و (ل. ج) و (ز. ح) و (ع. ح. ع) دەستگیرکران کە دووانیان سەرکردەی داعش بوون و بەشداری و سەرپەرشتی چەندین تاوانیان کردووە".
هاوکات ئەوەش بڵاوکراوەتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە سلێمانی ھێزەکانی ئاسایشی پارێزگاکە تیرۆریستێکیان بەناوی (س. ع) دەستگیرکردووە.