Mohammed Baqi Hussein
10 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لە باکووری سووریا درێژەی ھەیە، ١٩ تیرۆریستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کوژران و ٣٦٧ پێگەی رێکخراوەکە پێکراون.
سوپای تورکیا لە راگەیەنراوێکدا زانیاریی سەبارەت بەدوا پێشھاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە تا کاتژمێر ٧:٠٠ی سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لە باکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
- ٣٦٧ پێگەی داعش پێکراون
لەلایەن تۆپخانەکانی سوپای تورکیاوە، ٣٤٠ پێگەی داعش کە لە حەشارگە و عەمباری چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکھاتوون تۆپباران کراون.
بەپێی راگەیەنراوەکە، ھێزی ئاسمانیی سوپای تورکیا ھێرشی بۆسەر ٢٧ پێگەی داعش لە ئەلباب، بەزاعە و سوفلانییە ئەنجامداوە و ژمارەیەک حەشارگە و عەمباری چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی تەقاندووەتەوە.
ھاوکات لەئەنجامی ھێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکاندا، ١٩ تیرۆریستی داعش کوژران و سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیش تەقێنرانەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو تیمانەی کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٣ ھەزار و ٨٢١ بۆمبی دەستکردیان پووچەڵکردووەتەوە و ٤٣ مینیان بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقاندووەتەوە.