Rewa Mahmood Hasan
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
سلێمانی - AA
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەستیان بەسەر ١٠٦،٧٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆییندا گرت.
لە راگەیەندراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە درێژەی کار و چالاکییەکانیاندا بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانان و ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانێکی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و دەستبەسەر ١٠٦،٧٥ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆیندا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزەکان ئاسایشی سلێمانی بەسەر پەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان لە رۆژی ١٤ی حوزەیراندا، دوای کۆکردنەوەی زانیاری وورد و بەفەرمانی دادوەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و رێگڕیکردن لە بڵاوبوونەوەی هەرجۆرە مەوادێکی هۆشبەر کە زیان بەئابووری هەرێم دەگەیەنێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا و تاکی کورد دروست دەکات، توانیویانە لە کۆگایەکی یەکێک لە نووسینگەکانی هەواڵەکردنی پۆست لەناو شاری سلێمانی-دا، تۆمەتبارێک بەناوی (ٲ ع ع) لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٩ کەرکووک دەستگیر بکەن، دەستبگرن بەسەر بڕی (١٠٦٫٧٥) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (هیرۆین) کە بەنیازبوون بەپێچراوەیی و بەشاراوە لەناو کەلوپەلی پۆستدا رەوانەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی بکەن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان راگیراوە و دەستبەسەر بڕە تلیاکەکەدا گیراوە و لێکۆڵینەوە له کەیسەکه بەردەوامە".