عێراق

لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکی لەبارەی نەھێشتنی چەکی بێ مۆڵەت دەرکرد

پارێزگاری ھەولێر، ئۆمید خۆشناو: "وەک لیژنەی ئەمنیی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکمان لەبارەی نەھێشتنی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەرکردووە و ھەر کەسێکیش پابەندی نەبێت بە بڕیارەکان، رووبەڕووی رێوشوێنی توندی یاسایی دەبێتەوە".

Abdulhameed Husseın Karam  | 30.06.2022 - نوێکردنەوە : 01.07.2022
لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکی لەبارەی نەھێشتنی چەکی بێ مۆڵەت دەرکرد

Arbil

ھەولێر ــ AA

پارێزگاری ھەولێر، ئۆمید خۆشناو رایگەیاند چەند بڕیارێکیان لەبارەی نەھێشتنی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەرکردووە و ئاماژەی بەوەیشدا، ھەر کەسێک پابەندی نەبێت بە بڕیارەکانەوە، رووبەڕووی رێوشوێنی توندی یاسایی دەبێتەوە.

ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی بۆ نەھێشتنی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت جێبەجێ دەکرێن و بۆ ئەو مەبەستەیش وەک لیژنەی ئەمنی پارێزگای ھەولێر چەند بڕیارێکیان دەرکردووە و گوتی: "سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی چەک لە ھەولێر، دابخرێن و لە ئەمڕۆوە ئەو بڕیارە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە".

باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە بڕیارەکانی دیکە ئەوەیە، ھەر کەسێک پابەند نەبێت بە بڕیارەکە، رووبەڕووی رێوشوێنی توندی یاسایی دەبێتەوە و گوتی: "ھەروەھا بڕیارمانداوە ھێزەکانی ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤان و پێشمەرگە ھێزێکی ھاوبەش پێکبھێنن بۆ دانانی بازگە، ئەوەیش بە ئامانجی دەستبەرداگرتنی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت".

گوتیشی: "بڕیاریشانداوە لەوەی سەرجەم پرسگەی فەرمانگە گشتییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بەشداربن لە ھەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، ھەروەھا ھێزەکانی ئاسایشی بازگەکان راسپێردران لە ئەمڕۆوە بەشدارن لە ھەڵمەتەکەدا و ریوشوێنی پێویست لەوبارەیەوە دەگرنەبەر".

راشیگەیاند "ھەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەت ھەڵبگرێت، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت و دەستیش بەسەر چەکەکەیدا دەگیرێت".

ھەروەھا پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو داوای لە ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر کرد کە لەم ھەڵمەتەدا، لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکاندا ھاوکاربن و گوتی: "داوایش لە دادگاکان دەکەین لەم ھەڵمەتە، ھاوکاربن".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی فەرمانی دا بە وەزارەتی ناوخۆ کە ھەرچی شوێنی چەک فرۆشتن ھەیە دابخرێن و ھەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن و رایگەیاند "ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın