عێراق, کۆڤید- ١٩

كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی وه‌زیرانی ناوخۆ و ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

- وه‌زیری ناخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: ''مەترسی ئەوەمان ھەیە کە خەڵکێکی زیاتر ھەڵگری ڤایرۆسەکەبن لەناو کۆمەڵگەکەماندا بن و مه‌ترسییه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ ئێوه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن''.

Heman Hussein Yaseen  | 04.04.2020 - نوێکردنەوە : 06.04.2020
كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی وه‌زیرانی ناوخۆ و ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

Arbil

هه‌ولێر - AA

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، ھەریەک لە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد و وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی تیشکیان خستە سەر ناوەرۆکی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر و تیاییدا سەرجەم مۆڵەتەکانی رێگەپێدانیش ھەڵوەشێندرانەوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد گوتی: ''دوای ئەوەی شەوی رابردووو بڕیارێکی نوی لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچوو ئەویش دوای راوێژ لەگەڵ پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان تا رێکارەکان توندتر بکرێت، دوای ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستی ھۆشداری دابوو بە مەترسی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ ئەوەی کە ھەڵسەنگاندن بکەین و کەموکوڕییەکان پڕبکەینەوە و ھەست دەکەین کە ھەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستێکی بەرزدایە''.

رێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''بەداخەوە ھەندێک لە ھاووڵاتییان وەک پێویست لە مەترسییەکان نەگەیشتوون و وەک خۆی وەریاننەگرتووە، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای ھاتنی ئەو ڤایرۆسە لیژنەیەکی باڵامان پێکھێنا و کۆمەڵێک ھەنگاویشمان نا وەک راگرتنی دەوامی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و قەدەغەی ھاتوچۆکردن، ئەمانەش رێگریی باشتر دەکات لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئیستاش دوای مانگ و نیوێک لە رێکارەکان، ژمارەیەکی کەم تووشبوومان ھەیە و لەمبارەیەوە سوپاسی ھاووڵاتیان دەکەین کە پابەند بوون و سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندن، ھێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان دەکەین کە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگرین لەو ڤایرۆسە و گیانیشیان لە مەترسیدایە''.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بەشێکی زۆر خەڵک رێنماییەکانییان بە دەرفەت وەرگرتبوو بەتایبەت ئەو کەرتانەی کە مۆڵەتی ھاتۆیان پێدراوە و لەماوەی ئەو ٤٨ کاتژمێرەش ھەڵسەنگاندن بۆ تەواوی دۆخەکە دەکەین.
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری ناخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھۆشداری دا لەوەی تووشبووێکی زیاتر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناو کۆمەڵگا ھەبێت و گوتیشی: ''مەترسی ئەوەمان ھەیە کە خەڵکێکی زیاتر ھەڵگری ڤایرۆسەکەبن لەناو کۆمەڵگەکەماندا بن و مه‌ترسییه‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ ئێوه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن''.


سەبارەت بە ھاتوچۆی میدیاکارانیش لەمیانی قەدەغەی ھاتوچۆدا، رێبەر ئەحمەد گوتی: ''راگەیاندنکاران ئازادن لە ھاتوچۆدا، بەڵام لەیەکێک لە سەرژمێرییەکاندا لە خاڵێکی پشکنین لە ماوەی یەک کاتژمێردا، لە کۆی ٦٠٠ ئۆتۆمبێل، ٩٩ ئۆتۆمبێل ناسنامەی رۆژنامەنووسیان ھەڵگرتووە، بۆیە ناکرێت ئەو ھەموو جووڵەیە، لە کاتێکدا بەشێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکان لە دەرچوون وەستاون، بۆیە بڕیارمان داوە رۆژنامەنووسان پشتیگری دەزگاکەی خۆیان ھەڵگرتبێت''.

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: '' رێکاری پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان و، ئێمە کارئاسانی تەواو بۆ کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان دەکەین و بەپێی خشتەی خۆشمانەوە ئەو رێکارانە تەواو دەکەین، ھەروەھا قەدەغەکردنی ھاتوچۆ سوودی زۆری ھەبووە و لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە ھەرێمی کوردستان ھەزاران حاڵەتی تووشبوونی لێ دوورخستینەوە بەتایبەتی لە کەرەنتین و پشکنینەکان، بۆیە رێکارەکان بە بەرنامە گیراوەتەبەر، راستە ئەو رێکارانە کاریگەری لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان ھەبووە بەڵام ناچارین و دەبێت کۆمەڵگەکەمان بپارێزین، لە ھەمانکاتدا بەریەککەوتنەکانیش مەترسیدارن''.

سامان بەرزنجی راشیگەیاند کە دۆخی نەخۆشەکان جێگیرە و گوتشی: ''ئێستا ١٤٠ تووشبوو لە نەخۆشخانەکانن و ٧٤ تووشبووش چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ناو خێزانەکانییان''.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی رابردوو لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێکاری نوێی راگەیاند و قەدەغەی ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر بەیەکجاری راگەیاند.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın