Heman Hussein Yaseen
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2020
ههولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لەناو شارەکانی ھەولێر و سلێمانی بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکە دەرکرد.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەیانننامەی ژمارە ١٨ی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٠، تایبەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیارێکی دەرکرد.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناخۆ پێنج خاڵی لە خۆگرتووە کە بریتین لە:
یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەناو ھەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٠ دەست پێدەکات.
دووەم: راگرتنی ھاتوچۆ لەنێوان قەزاکانی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر.
سێیەم: پێدانی دەسەڵات بە پارێزگاری ھەولێر و سلێمانی بە مەبەستی رێکخستنەوەی چۆنیەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی ھاووڵاتییان، بەشێوەیەک کارتێکردن نەکات لەسەر بڕگەی یەکەم.
چوارەم: دوا وادە بۆ گەڕانەوەی ھاووڵاتییان بۆ ھەرێمی کوردستان لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ١٦ لەسەر ١٧ی ئاداری ٢٠٢٠ دەبێت و دوای ئەو بەروارە گشت سنوورەکان بە رووی گەشتیاران دادەخرێن و تەنھا بە رووی جموجۆڵی بازرگانییدا کراوە دەبێت لە سنوورەکانی حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، ئیبراھیم خەلیل و باشماخ، بەو مەرجانەی کە پێشتر بڕیاری لەسەردراوە.
پێنجەم: سوپاسی ھاووڵاتییان دەکەین بۆ پابەندبوون بە رێنماییەکانی حکوومەت تایبەت بە خۆپارستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و داوایان لێدەکەین لە ماڵەکانییان بمێننەوە.