Sarmand Hameed
22 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2021
هەولێر - AA
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان ١١ تیرۆریستی داعشیان لە ناوچە جیاجیاکانی شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق دەستگیرکردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "ژمارەیەک لەو تیرۆریستانەی کە دەستگیرکراون بەناوی جەنگاوەر لە بەناو دیوانی سەربازیی داعش کاریانکردووە و ئەرکەکانی تیرۆریستەکانی دیکە دابەشکراوە بەسەر ھەردوو دیوانی غەنائیم و حوسبە لە بەناو ھەردوو ویلایەتی نەینەوا و دیجلەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە بەپێی رێکارەکان گوتە لە دەستگیرکراوەکان وەرگیراوە و دانیان بە ئەنجامدان تاوان دژبە ھاووڵاتییان ناوە لەگەڵ رووبەڕووبونەوە و بەئامانجگرتنی ھێزە ئەمنییەکان بەبۆمبی چێندراو لەکاتی شەڕەکانی رزگارکردن.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە دوای تەواوکردنی رێککارەکان، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لایەنی یاسایی کراون بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی دادوەریی لەدژیان.