Arif Yusuf,Hamdi Yıldız,Zana Natık Kerem
13 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 14 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند كە سێ حەشارگەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سنووری پارێزگای دیالە بە فڕۆكە جەنگی كراونەتە ئامانج.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەكردووە، پشتبەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی، فڕۆكە جەنگییەكانی (F-16) زنجیرەیەك هێرشیان دژبە پاشماوەكانی رێكخراوی داعش لە باكووری رۆژئاوای دەریاچەی حەمرین سنووری پارێزگای دیالە ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی هێرشەكاندا، سێ حەشارگەی رێكخراوی داعش لە ناوچەكەدا خاپوور بوون و سەرجەم ئەو تیرۆریستانەش كوژراون كە لەنێو حەشارگەكاندا بوون.
لە لایەكی دیكەوە بەڕێوبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی، دەستگیركردنی تیرۆریستێكی لە باشووری بەغدا راگەیاند.
لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتییەكەدا هاتووە "هێزەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازیی، تیرۆریستێكیان لە ناوچەی سەید عەبدوڵڵا سەربە قەزای مەحمودیە باشووری بەغدا دەستگیركردووە".
بەپێی راگەیەندراوەكە، دەستگیركراوەكە یەكێكە لەو تیرۆریستانەی كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری فەللوجە دژبە هێزە ئەمنییەكان شەڕی كردووە، هەروەها بەپێی ماددەی چوار بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لایەن دادگاوە داواكراوە.