Zana Natık Kerem
15 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی سوپای عێراق دوو ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە، دەست پێ کرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ھێزەکانی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە ژمارەیەک ناوچە و گوندی سنووری پارێزگای کەرکووک دەست پێ کردووە.
ھەروەھا باس لەوەشکراوە کە ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە، ئۆپەراسیۆنکێیان لە ژمارەیەک ناوچە و گوندی سنووری پارێزگای دیالە دەست پێ کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ھەروەھا پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.