شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە
ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان بە پۆشینی جلوبەرگی زستانە، روویان لە بەرزاییەکانی کەسنەزان رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر کردووە کە ئەم شوێنە بەفرێکی زیاتری لێ باریووە و لەوێ جگە لە شەڕە بەفر و یارییکردن، وێنەی یادگارییش لەنێو بەفر و خۆشیدا تۆمار دەکەن.
Arbil
ههولێر - AA
شەپۆلێکی بەفربارین رووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە و بەھۆیەوە لە شەوی رابردووەوە لە سەنتەری شاری ھەولێر هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، بەفربارین دەستی پێ کردووە و پلەکانی گەرما دابەزیوون.
بەشێک لە ھاووڵاتییان بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش روویان لە دەرەوەی شار کردووە و دیمەنی بەفربارین بۆ بەشێک لە ھاووڵاتییان شتێکی تازەیە، چونکە لەدوای شوباتی ٢٠٠٤ەوە بهفر لە سەنتەری شاری ھەولێر نەباریووە و ئەمەش وایکردووە بارینی ئەمجارەی بهفر، ئەو ھاووڵاتییانە دڵخۆش بکات لە لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ ەوە لەدایکبوون.
ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتییان بە پۆشینی جلوبەرگی زستانە، روویان لە بەرزاییەکانی کەسنەزان رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر کردووە کە ئەم شوێنە بەفرێکی زیاتری لێ باریووە و لەوێ جگە لە شەڕە بەفر و یارییکردن، وێنەی یادگارییش لەنێو بەفر و خۆشیدا تۆمار دەکەن.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوھەوای ٤٨ کاتژمێری داھاتووی بڵاو كردهوه و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمڕۆ لە ھەولێر و کەرکووک ئاسمان نیمچەھەور دەبێت و کەشوھەوا سارد دەبێت. لە ناوچە شاخاوییەکانی ھەولێر ئەگەری بەفربارین ھەیە و لە ههریهك له سلێمانی و ھەڵەبجە ئاسمان ھەور دەبێت و کەشوھەوا سارد دهبێت و بەفربارین دەبێت، هەروەها لە دھۆک-یش ئاسمان ساماڵ و پەڵەھەور و سارد دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو كه سبەی ھەینی لە سەرجەم پارێزگاکان ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت و ئەگەری دروستبوونی شەختە ھەیە.