Heman Hussein Yaseen
19 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح پێشوازی کرد لە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرکۆماری عێراق بڵاوی کردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرھەم ئەحمەد ساڵح پێشوازی کردووە لە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمد جەواد زەریف و لە دیدارێکدا جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندیی مێژوویی قوڵ و دێرینی نێوان عێراق و ئێران و پێویستی بەرفراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییە دووقۆڵییەکانی ھەردوو وڵات لە زۆربەی بوارەکاندا.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرکۆماری عێراق مکوڕی عێراقی دووپاتکردووەتەوە تاوەکو ببێت بە ئامرازی ئارامی و ناوەندێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، بەجۆرێک ببێت بەمایەی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا".
ئەوەیشی خستووەتە روو کە سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ناوچەکە پێویستی بە بونیادنانی پەیوەندی ھاوسەنگ و ھەماھەنگی و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش و تێڕوانینێکی روون و ئاشکرایە هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی بۆ قەیران و ئاڵۆزییەکان، پشت بەستن بە دیالۆگی بونیادنەرانە و راشکاوانە لەنێوان تەواوی لایەنە نێودەوڵەتییەکان.
راشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، سەرکۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەوەی کە عێراق گرنگی دەدات بە پارێزگاریکردن لە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری خاکەکەی، ھاوکات ھەماھەنگی دەکات لەگەڵ ھاوپەیمان و دۆستەکانی لە چوارچێوەی رێزگرتنی ھاوبەش و رێگرتن لە دەستخستنە نێو کاروباری ناوخۆ یەکتری، ھەروەھا ستایشی ھەڵوێستی ئێرانیشی کردووە بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی کە لە عێراقی کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژبە تیرۆر و گرووپی تیرۆریستیی داعش.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ویستی وڵاتەکەی نیشان داوە بۆ بەرفراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری و ھەماھەنگییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم ئاستەکاندا، ھاوکات ئاماژەیشی کردووە بۆ گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لە پێناو پشتیوانیکردن و درێژەدان بە بەگژداچوونەوەی تیرۆر.