عێراق

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی: "هیچ بیانوویەکی سیاسیی و یاسایی و دارایی نەماوە کە پرۆژەیاسای بوودجە نەنێردرێت بۆ پەرلەمان"

Hawkar Yaseen  | 10.09.2021 - نوێکردنەوە : 17.09.2021
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی: "هیچ بیانوویەکی سیاسیی و یاسایی و دارایی نەماوە کە پرۆژەیاسای بوودجە نەنێردرێت بۆ پەرلەمان"

Arbil

هەولێر - AA

سەرباریی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەیان کۆبوونەوە بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەڵام ساڵ بەرەو کۆتایی دەڕوات و پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیران نەهاتە دەرەوە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت حکوومەت ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەم، پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتوو تەواو بکات و بینێرێتە پەرلەمان بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەو پرۆژەیەی ساڵێکە حکوومەت سەرقاڵی ئامادەکردنییەتی لە بوودجەی ٢٠٢١ەوە بیگۆڕێت بۆ بوودجەی ٢٠٢٢.

ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی پرۆژەیاساکە کە کەی دەگاتە پەرلەمان، رایگەیاند "ساڵی پار لە مانگی یازدەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەوەی لەنێو هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەکراوە کە هەرێمی کوردستان دەبێت یاسای بوودجەی هەبێت، ساڵی رابردوو خشتەیەک دانرا کە پرسی بوودجە بێتە پەرلەمان و لە رۆژی پێنجی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی کرد لەسەر رەشنووسی بوودجە و لە دوو رۆژ دواتر کۆبوونەوەیەکی دیکەشیان کرد و بڕیاردرا کە هەموو وەزارەتەکان بڕی داهات و خەرجییەکانی خۆیان بنێرن بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی ئەو خشتەیەی کە وەزارەتی پلاندانان داینابوو بڕیاروابوو کە ٢٧ی مانگی شوبات پرۆژەیاسای بوودجە بهاتایەتە پەرلەمان، بەڵام دواکەوت بەهۆی بیانوویەکی سیاسیی و یاسایی، بیانووەکە ئەوبوو کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە دەبێت بە دوو جۆر بوودجە دابنێت؛ یەکێکیان لەسەر بنەمای ئەو پارەیەبوو کە لە بەغداوە دێت و ئەوی دیکەشیان لەسەر بنەمای داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی رێککەوتنیش کرا و پارەش لە بەغداوە هات حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر نەیتوانی پرۆژەیاسای بوودجە بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان".

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی دەربارەی ئەوەی بەبۆچوونی ئەوان حکوومەت بۆچی نەیتوانی بوودجە بنێرێتە پەرلەمان گوتی: "یەکێک لە بیانووەکان ئەوەبوو کە دواکەوتنەکەی پەیوەندی بەو کێشمەکێشمی رێککەوتنەوە هەبوو کە لەگەڵ بەغدا کرا، هۆکاری دووەمیشیان؛ بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لە لیژنەی دارایی ئەوەبووە کە لەسەر دەسەڵاتە داراییەکان ناکۆکی هەبوو لەنێوان وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەڕووی یاسایییەوە دەسەڵاتەکان دەبوایە بچووایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و هەموو خەرجییەکان بەپێی یاسا بچوایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پلاندانان و سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی بکات، بەڵام ناکۆکییەکان بووە هۆی ئەوەی کە نەتوانن بوودجە پەسەند بکەن، هۆکاری سێیەمیش؛ مووچە بوو کە نەتوانرا رێکبکەون لەسەر ئەوەی مووچە بە لێبڕینەوە بدرێت یان بەتەواوی، لێبڕینی دەرماڵەی تێبکەوێت یان دەستکاری نەکرێت، ئەمانە هەمووی کێشەبوون بۆئەوەی کە فریانەکەوت بۆ ئەمساڵیش بوودجە بێتە پەرلەمان".

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی دەربارەی ئەوەی ناکۆکی سەرۆکی حکوومەت و وەزیرانی دارایی و پلاندانان لەسەرچی بوو و کێ داوای دەسەڵاتی زیاتری دەکرد رایگەیاند "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەیویست زۆرترین دەسەڵات لەلای خۆی بێت بەوهۆیەش ئەمە بووە خاڵی ناکۆکی لەنێوان وەزیری دارایی و پلاندانان و سەرۆکی حکوومەت و نەتوانرا بوودجە ئامادەبکرێت، ئێمە پرسیارمان لەسەر ئەو بابەتە کردەوە، حکوومەت لە وەڵامدا پێی گوتین کە گەیشتوونەتە شێوازێک لە رێککەوتن لەسەر چۆنییەتی دیارییکردنی دەسەڵاتە داراییەکان و کۆبوونەوەیان کردووە لەنێوان خۆیاندا و جۆرێک لە رێککەوتنیان کردووە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکەش".

ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی راشیگەیاند "ئەمە دووساڵە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، کەچی یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەکەی خۆی جێبەجێ نەکردووە، ئێستا پارە لە بەغداوە دێت داهاتی ناوخۆش دیارە کە چەندە و زیادیشی کردووە، نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە بۆیە چاوەڕوان دەکەین کە ئیتر پرۆژەیاسای بوودجە بێتە پەرلەمان و یاساکە تەواو بکرێت".

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی دەربارەی ئەوەی ئەگەر پرۆژەیاساکە بگاتە پەرلەمان کە پێشتر بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئامادەکرابوو دەبێتە یاسای بوودجە بۆ چ ساڵێک گوتی: "بوودجە دەبوو هی ساڵی ٢٠٢١بێت، بەڵام بەداخەوە دواکەوت، لەڕووی ساڵی دارایییەوە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی نۆ بۆ مانگی ١٠ بوودجەی ساڵی داهاتوو بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام ئێمە تا ئێستا حسابی کۆتایی ساڵەکەشمان بۆ نەهاتووە، بەداخەوە ئەوە بۆ هەشت ساڵ دەچێت هەرێمی کوردستان یاسای بوودجەی نییە، ئێستا هەموو شتەکان ئامادەن هەموو داهاتەکان دیارن هەموو قەرزەکانی سەر حکوومەت و خەرجییەکانی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن کە بنەمای سەرەکین لە داڕشتنی بوودجە هەمووی دیاریی کراوە، تەنانەت بوودجەی وەزارەتەکانیش نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەکراوە و بەپێی بوودجە رێکخراوە و کەمیش کراونەتەوە، ئێستا هەموو شتێک ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانە تەنها ناردنی ماوە بۆ پەرلەمان، بۆیە هیچ بیانوویەکی یاسایی و دارایی و سیاسیی نەماوە بۆئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوودجە نەنێرێتە پەرلەمان".

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی گوتیشی: "ئەگەر پرۆژەیاساکە نەیەت، دەبێت بپرسین ئایا ئەمە میزاجی کەسییە کە ئەمە ناکات بۆئەوەی پەرلەمان کاراتر نەبێت لە چاودێریکردنی خەرجی و داهاتەکان، چونکە ئێستا بە ئارەزووی خۆیان و بەپێی میزاجی کەسی پارە خەرج دەکرێت بۆ پرۆژەکان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نا عەدالەتی هەبێت لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئەمانە هەمووی کێشەن و دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران فراوانتر دەکات لە دەرەوەی توانای چاودێری جددی پەرلەمانییە کە بەپێی یاسا ئەم ئەرکە خراوەتە سەر پەرلەمانتارانی کوردستان بۆیە ئێمە تەنها ئەم هۆکارە دەبینین کە حکوومەت نایەوێت بچێتە ژێر ئەو چاودێریییە وردەی پەرلەمان".

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی لە وەڵامی ئەوەی ئەگەر ئەمساڵ بوودجە نەهات، فشارەکانیان چی دەبێت بۆ ئەوەی حکوومەت ناچاربێت پرۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمان بکات رایگەیاند "بەردەوام دەبین لە فشارەکانمان هەم لە لیژنەی دارایی هەم وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە فراکسیۆن بەپێی ئەو بەرنامەی کارەی بۆ ئەم وەرزە دامانڕشتووە و دامانناوە، جەختمان کردووەتەوە کە دەبێت پرۆژەیاسای بوودجە بێتە پەرلەمان و ببێت بە یاسا".

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی دەربارەی ئەوەی بڕی بوودجەکە چەندە گوتی: "ئەوەی کە لای ئێمەیە و گەیشتووە بە ئێمە، بوودجە ١٤ ترلیۆن دینارە، بەشی سەرەکی و هەرەزۆری بۆ مووچەیە کە دیاریی کراوە هەرچەندە لە لیستی خانەنشینی و پلەباڵاکان گۆڕانکاری کراوە، بەڵام نزیکەی هەشت ترلیۆنێکی بۆ مووچە دەڕوات ئەوی دیکەی بۆ بوودجەی بەکارخستن، وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە دەبێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن