Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
كۆبەندی ژنان دەتوانن- کوردستان كە لە ژمارەیەك لە چالاكوانانی ژنان لە بوارەكە پێكهاتووە و ماوەیەكە كار لەسەر رۆڵی ژن لە رێكلامە بازرگانییەكان دەكەن، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا دەقی یاداشتێكی كۆبەندەكەیان خوێندەوە كە ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی رێكلام كراوە لە بارەی وێنای ژن لە رێكلامە بازرگانییەكاندا.
ئەندامێكی كۆبەندەكە، راز قادر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا دەقی یاداشتەكەی خوێندەوە و رایگەیاند كە رۆژانە چەندین رێكلامی بازرگانی لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە پەخش دەكرێت كە سووكایەتی و كەمكردنەوە و تەخوینكردنی پێگە و رۆڵی ژنیان تیادایە لە كۆمەڵگەدا.
ئەو گوتی: "ئەو جۆرە رێكلامانە پەیامی بێدەسەڵات نیشاندان و پێدانی رۆڵی نەرێنی بە كەسێتی ژن و كەمنیشاندانی تواناكانی و كورتكردنەوەی رۆڵی گەورە و گرنگی ژن تەنها وەك كاری ناوماڵە".
كۆبەندی ژنان دەتوانن- کوردستان لە یاداشتەكەیاندا دەڵێن: "ماوەیەكە بەوردی سەرنجمان خستووەتە سەر ئەم رێكلامە بازرگانییانە كە رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەیان لە زیادبووندایە و بێ هیچ فلتەر و سانسۆرێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن بڵاو دەكرێنەوە لە كاتێكدا پێگە و رۆڵی ژن لە كوردستان لە سەرجەم بوارەكان هەنگاوی باش و پڕ لە دەستكەوتی بڕیوە و مەوداكانی دیموكراسی و یەكسانی جێندەری لە زۆرێك لە كایەكاندا رەنگی داوەتەوە، ئەم جۆرە بانگەشە بازرگانییانە بەم سیناریۆ و ناوەڕۆكانە یەكانگیر نین و دژ دەوەستن لەگەڵ بەها باڵاكان و رێزگرتن لە پێگە و رۆڵی گرنگی ژن لە كۆمەڵگەدا".
كۆبەندی ژنان دەتوانن- کوردستان لە رێگەی یاداشتەكەیەوە داوا لە وەزارەتی رۆشنبیری و كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی رێكلام دەكات بە ئاگایی زیاتر و سەرنجی زیاترەوە بیرۆكەی رێكلامەكان دیاری بكەن و هیچ جۆرە بێڕێزی و بەكەم زانینێكی تیادا نەبێت بەرامبەر تواناكانی ژنان.
لە هەمانكاتدا داواش لە خانمە ئەكتەرەكان دەكات بەهیچ جۆرێك نەچنە نێو رۆڵبینینی كارەكتەرێكەوە كە لاواز نیشانیان دەدات یان كار لەسەر نمایشكردنیان دەكات لە روانگەی پێوەرە جەستەییەكانەوە.