Rewa Mahmood Hasan
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی - AA
بەشێک لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی هەفتەیادی مەولودی نەبەوی شەریف و دژ بەو سوکایەتییەی لەرێگەی گۆڤارێکی فەڕەنسیەوە بەرامبەر بە سەروەری مرۆڤایەتی حەزرەتی پەیامبەری ئیسلام کرا، گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
لە گردبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک هاووڵاتی، مامۆستایی ئایینی، گەنج و منداڵ و پیر، ژنان و کچانی مووسڵمان بەشداربوون، دروشمی "هەتا هەتا هەتایە محەمەد پێشەوایە" گوترایەوە و ناوبەناو دەنگی تەکبیر و سەڵاوات لە گیانی پەیامبەری ئیسلام لێدەدرا.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رێکخەری گردبوونەوەکە و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، حاجی فاروق عەلی ئاماژەی بەوەدا کە گردبوونەوەکە تەواو خۆرسک بووە و ئەوان تەنیا هەڵساون بە کۆکردنەوەی ئەو جۆش و خرۆشەی مسوڵمانانی شاری سلێمانی و دەوروبەری کە بەرامبەر پێشەواکەیان محەمەد مستەفا پەیامبەری ئیسلام هەیان بووە.
حاجی فاروق دەڵێت،''دوای ئەوەی کە بێڕێزی بەرامبەر پێشەوای مرۆڤایەتی و پەیامبەری ئیسلام کرا لە فەڕەنسا، مووسڵمانانی هەرێمی کوردستانیش لە چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێم گردبوونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر سوکایەتیکردن بە پێشەواکەیان و دووپات کردنەوەی خۆشەویستی خۆیان بۆی بەڕێوەچوو، جۆش و خرۆشی هاووڵاتیان لە شاری سلێمانیش رژایە سەر شەقام و هاووڵاتیان بە سەڵاوات و یادکردنەوەی پەیامبەر وەڵامی ئەو سوکایەتیەیان دایەوە کە بەرامبەر پێغەمبەر(د.خ) کرابوو".