Rewa Mahmood Hasan
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2022
سلێمانی - AA
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ نۆی ئاداری ٢٠٢٢ کاتژمێر ١٠:٣٠ کۆمەڵێک کاسبکاری ناوچەی پیشەسازیی دژی زیادکردنی باج و گرانبوونی نرخی شتومەک خۆپیشاندانێکیان رێکخست و رێگەیەکی سەرەکی سلێمانی-یان داخست.
بە هۆی زیادکردنی باج و کرێی ئاو و کارەبا، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک کاسبکار رژانە سەر شەقامەکان و بۆ ماوەی سەعاتێک رێگای سەرەکی بازنەیی مەلیک مەحمودیان لە سلێمانی گرت و دەستیان کرد بە سووتاندنی تایە لەسەر شەقامەکە.
دوای گرتنی رێگاکە تیمەکانی بەرگریی شارستانیی، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و هێزەکانی ئاسایش بۆ بەرگرتن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو گەیشتنە شوێنەکە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دا.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە، بەناوی باوان عەلی ئاماژەی بەوە دا کە کە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی نەدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوانیش وەک کاسبکار ئیشوکاریان رووی لە کزی کردووە و گوتی: ''دواتر هەموو سێ مانگ جارێک دێن باجی جۆراوجۆرمان لەسەر زیاد دەکەن، پارەی کارەبایان بۆ کردووین بە ٥ قات، رۆژانە ٧ سەعات کارەبامان دەدەنێ، حسابی شوێنێکی بازرگانی گەورەمان بۆ دەکەن، لەکاتێکدا ئێمە دووکانەکە نزیکەی ١٨ مەتر دەبێت، ساڵانە دەبێت دوو ملیۆن باج بدەین. بۆیە ئێمەش هاتینە سەرشەقامەکان و بۆ کاتێک ئەو رێگا سەرەکیەمان گرت''.
دوای ئەوەی کە پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان دەستێوەردانی کرد لە خۆپیشاندانەکە، کاسبکارانیش چوونەوە سەر شوێنی کارەکانیان.
لەلایەکی ترەوە بەشێک لە شۆفێرانی تەکسی نێو شاری سلێمانی، بۆ ماوەی سەعاتێک زیاتر شەقامی سەرەکی قەناتیان داخست بەڕووی هاتوچۆدا بەبیانووی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو.