Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و ھەڵەبجە، عەتا شێخ حەسەن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کاتژمێر ٠١:٠٠ی دوای نیوهشهو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقە لە بارەگایەکی لقی چواری پارتی لە شاری سلێمانی کراوە و ھیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبووە.
راشیگهیاند: "رووی دەممان لە ھێزە ئەمنییەکانی شارەکە و لیژنەی ئەمنییه، ئەرکی ئەوانە بارەگاکانی ئێمە و سەروماڵی کادیرانمان لەم سنوورە بپارێزن، ئەمڕۆ ھەینییە و پشووە، بەڵام لە رۆژانی داھاتوودا بەدڵنیاییەوە سکاڵای خۆمان لەسەر ئەو ھێرشە تۆماردەکەین".
عەتا شێخ حەسەن تیشكی خستهسهر ئهوهش نازانن هێرشكارهكان کێن، بەڵام بە مافی خۆیانی دەزانن ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئاسایش و ئارامی شارەکە تێکبدەن بیاندۆزنەوە و دادگاییبکرێن.
سەبارەت بەوەی ئەو ھێرشە تا چەند پەیوەندیی بە رووداوهكهی دوێنێی بازگەیەکی ھەولێرەوە ھەیە کە رێگریی لە چوونە ژوورهوهی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەحمود سەنگاوی بۆ ھەولێر کرابوو، گوتهبێژهكهی پارتی ئاشكرایكرد ناتوانن ھێرشی سەر بارەگاکەی حزبەکەیان ببەستنەوە بەو رووداوەوە و کاری لیژنە ئەمنییەکانە لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بکەن.
لەدوای رووداوەکەش ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری بارەگای لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەکەوێتە سەر شاڕێی سالم بڵاوبوونەوە و رێگاكهیان بەرووی ھاتووچۆی ئۆتۆمبیلدا داخست.
پاش ئەوەی دوێنێ گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر بڵاویكردهوه کە لە بازگەیەکی ھەولێر رێگریی لە تێپەڕبوونی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، مەحمود سەنگاوی کراوە بچێتە ناو شاری ھەولێرەوە، ئەو رووداوە کاردانەوە و نیگەرانیی توندی لەنێو بەشێک لە بەرپرس و کادرانی یەکێتییدا درووستکرد.