سلێمانی.. ئاسنگەرێک پیشەکەی لە باو و باپیرانییەوە بۆ ماوەتەوە
ـ وەستایەکی ئاسنگەری شاری سلێمانی ماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵە پیشەی ئاسنگەریی و دروستکردنی چەقۆیە، ئەو دەڵێت لە تەمەنی منداڵییەوە لە باو و باپیرانییەوە ئەم پیشەیە فێر بووە و بۆی ماوەتەوە.
As Sulaymaniyah
سلێمانی ـ AA
ئاسنگەری پیشەیەکی دێرین و کۆنی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستانە و بە ھۆی پێداویستی زۆری ھاووڵاتییان بۆ کاری ئاسنگەریی لە کۆنەوە لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێم ئەم پیشەیە ھەبووە و کاریان تیادا کردووە، وەستا یونس یەکێکە لەو پیشەوەرە کۆنانەی ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی ئەم پیشەیەیە و وەک خۆی دەڵێت لە باو و باپیرانییەوە بۆی ماوەتەوە.
یونس عەبدولخالق عەبدولمەجید لەدایکبوی ساڵی ١٩٥١ی شارۆچکەی تەوێڵەیە لە ناوچەی ھەورامان لە سنووری ھەڵەبجە، ئەو تا قۆناغی شەشی سەرەتایی خوێندووە و لە قۆناغی سێی سەرەتاییەوە لە لای باوکی دەستی بەکارکردن لە بواری ئاسنگەری و دروستکردنی چەقۆ و تەور و داس و کەلوپەلی تری لە ئاسن کردووە.
ئەو گوتی: "کاتی خۆی لە ناوچەی ئێمە بەو شێوەیە بووە کە ھەر کەسێک پیشەیەکی زانیبێت، ئەوا لە خۆیەوە منداڵەکانیشی فێربوون، منیش لە باو و باپیرانمەوە کە ئەم کارەیان دەکرد فێری پیشەکە بووم، دواتر لە پۆلی شەشی سەرەتایی وازم لە خوێندن ھێنا و دوکانێکی ئاسنگەریم لە تەوێڵە دانا و دەستم بە دروستکردنی چەقۆ و کەلوپەلی تر و کاری تەنەکەچێتی کرد، تا ساڵی ١٩٨١ کە گواستراینەوە بۆ شاری سلێمانی بەردەوام بووم".
وەستا یونس وەک خۆی دەڵێت لە ساڵی ١٩٨١ەوە و دوای نیشتەجێبونیان لە سلێمانی لە بازاڕی خانەقا دووکانێکی ئاسنگەری داناوە و تا ئێستا لەو جێگایە بەردەوامە لە کارکردن و دروستکردنی چەقۆ و کەلوپەلی تر کە لە ئاسن دروست دەکرێن.
وەستا یونس دەڵێت "تا ئێستاش بەردەوامم لە ئاسنگەری و دروستکردنی جۆرەھا چەقۆی گەورە و بچووک بۆ قەسابخانە و دوکان و ماڵان، دەمەکەی لە ئاسنی باش دروست دەکەین و کلکەکەشی لە بۆری پلاستیک و شووشە و پێشتریش لە شاخی ئاژەڵ دروستمان دەکرد، بەڵام ئێستا شاخ بەکارناھێنین بە ھۆی ئەوەی پێویستی بە گەرمکردنی زۆر ھەیە و بەو ھۆیەشەوە بۆنێکی ناخۆش دەردەکات".
کارکردن لە پیشەی ئاسنگەری بە تایبەت ئەو کارانەی وردەکاری زیاتری دەوێت، کارێکی زەحمەتە و ھێز و توانا و وردەکارییەکی باشی دەوێت، بەڵام وەستا یونس دوای نزیکەی ٦٠ ساڵ کارکردن لەو پیشەیەدا تا ئێستاش بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەیی و وەک پیشەیەکیش دەستی لەو کارەی بەرنەداوە و بەردەوامە لەسەر پیشەکەی کە لە ھەرێمی کوردستان بەرەو نەمان دەچێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن