بڕۆکسل- AA
بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (Covid-19) زیانێکی زۆری گیانی و ماددییان لێکەوتووە، بەمهۆیەوە رێوشوێنی زۆر توندیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر، هەندێک وڵات تەنانەت قەدەغەی هاتوچۆشیان راگەیاند و دوای کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە رێوشوێنەکان کەم کرانەوە، بەڵام لەگەڵ دووبارە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان دووبارە رێوشوێنی توند گیرایە بەر.
گرنگترین رێگای خۆپارێزیش بەکارهێنانی دەمامکە بە تایبەت لەناو هۆکارەکانی گواستنەوە و شوێنە داخراوەکاندا، هەربۆیە لە هەندێک وڵات بەکارهێنانی دەمامک بووەتە زۆرەملێ.
- بەلجیکا
زۆرێک لە دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ لە بڕۆکسل-ی پایتەختی بەلجیکا-ن.
لەم وڵاتە هەر کەسێک پابەند نەبێت بە بەکارهێنانی دەمامکەوە بە ٢٥٠ یورۆ سزا دەدرێت.
تا ئێستاش ٧٢ هەزار و ١٦ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و نۆ هەزار و ٨٦١ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە بەلجیکا تۆمار کراون.
- فەڕەنسا
هەر لە دەستپێکی پەتای کۆرۆناوە فەڕەنسا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی زۆرترین حاڵەتی تیادا تۆمار کراوە. تەنانەت لە بەشێکی شارەکان داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە شوێنە کراوەکانیشدا دەمامک بەکاربهێنن.
هەرکەسێکیش پابەند نەبێت بەم یاسایەوە بە ١٣٥ یورۆ سزا دەدرێت.
تا ئێستاش ١٩٥ هەزار و ٦٣٣ حەڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ٣٠ هەزار و ٣١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لە فەڕەنسا تۆمار کراوە.
- ئیسپانیا
لە ئیسپانیا سزای بەکارنەهێنانی دەمامک تا شەش هەزار یورۆ دەڕوات.
لە شوێنە داخراو و کراوەکاندا پێویستە هەر کەسێک تەمەنی سەروو شەش ساڵ بێت دەمامک بەکاربهێندرێت.
ئەو کەسانەشی پابەند نەبن بە بەکارهێنانی دەمامکەوە بە بڕی ١٠٠ یورۆ سزا دەدرێن، بەڵام ئەم سزایە بەگوێرەی شوێنەکان زیاد دەکات و بەپێی ئەو مەترسییانەی نەبەستنی دەمامک دروستی دەکات بڕی سزاکە زیاد دەکات بەجۆرێک تا شەش هەزار یورۆ دەڕوات.
تا ئێستاش ٣٥٤ هەزار و ٥٣٠ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ٢٨ هەزار و ٥٠٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ئیسپانیا تۆمار کراوە.
- ئیتاڵیا
ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زۆرترین زیانی ماددی و گیانی بەرکەوتووە و تا ئێستا ٢٤٩ هەزار و ٢٠٤ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ٣٥ هەزار و ١٨٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوەی تیادا تۆمار کراوە.
سزای بەکارنەهێنانی دەمامک بەپێی ناوچەکانی ئیتاڵیا دەگۆڕێت لە هەرێمی کامپانیا سزاکە هەزار دۆلارە و لە هۆکارەکانی گواستنەوە و شوێنە داخراوەکاندا بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێیە.
لە هەرێمی لۆمباردیا کە زۆرترین حاڵەتەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسەکەی لێ تۆمار کراوە لە مانگی نیسانەوە بەکارهێنانی دەمامک بووەتە زۆرەملێ. سزای پابەندنەبوون بەم یاسایەش لە جاری یەکەمدا، ٤٠٠ یورۆیە و لە ئەگەری دووبارە کردنەوەیەدا سێ هەزار یورۆیە.
- بەریتانیا
لە کیشوەری ئەورووپادا وڵاتی بەریتانیا زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی تیادا تۆمار کراوە کە ٣٠٨ هەزار و ١٣٤ حاڵەتی تووشبوون و ٤٦ هەزار و ٤١٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان بووە.
لە شوێنە داخراوەکاندا بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێیە و هەر کەسێک پابەند نەبێت بەم یاسایەوە بە بڕی ١٠٠ پاوەند سزا دەدرێت.
- پورتوگال
تا ئێستا ٥٢ هەزار و ٦١ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و هەزار و ٧٤٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە پورتوگال تۆمار کراون.
لە هۆکارەکانی گواستنەوە و شوێنە داخراوەکاندا، بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێیە، هەرکەسێکیش یاساکە پێشێل بکات بە ٣٥٠ یورۆ سزا دەدرێت.
- هۆڵەندا
بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا، هۆڵەندا سزایەکی کەمی لەسەر بەکارنەهێنانی دەمامک داناوە.
بەکارهێنانی دەمامک لە هەموو شوێنێک زۆرەملێ نییە و تەنها لەناو هۆکارەکانی گواستنەوەدا پێویستە ئەو کەسانەی تەمەنیان سەروو ١٣ ساڵە دەمامک بەکاربهێنن.
ئەوانەیشی پابەندی یاساکە نەبن بە ٩٥ یورۆ سزا دەدرێن و لە ئەگەری دووبارە کردنەوەدا بە ٣٥٠ یورۆ سزا دەدرێن.
تا ئێستاش ٥٦ هەزار و ٩٨٢ حاڵەتی تووشبوون و شەش هەزار و ١٥٣ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە هۆڵەندا تۆمار کراون.
- ئەڵمانیا
لە ئەڵمانیا ٢١٥ هەزار و ٢١٠ حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و نۆ هەزار و ٢٥٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراون و بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە داخراوەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەدا زۆرەملێیە.
هەرکەسێکیش پابەند نەبێت بە بڕی ١٥٠ یورۆ سزا دەدرێت.
- یۆنان
لە دەستپێکی پەتاکەوە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەراورد بە وڵاتانی دیکە کەمتر بوو، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەکان هەڵکشانیان بەخۆوەبینی و ئەمەیش وای لە حکوومەتی یۆنان کرد رێوشوێنەکان توند بکاتەوە.
لەئێستادا بەکارهێنانی دەمامک لە تەواوی شوێنە داخراوەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەدا زۆرەملێیە و هەرکەسێک پابەندنەبێت بە ١٥٠ یورۆ سزا دەدرێت.
تا ئێستا پێنج هەزار و ١٢٣ حاڵەتی تووشبوون و ٢١٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە یۆنان تۆمار کراوە.
- نەمسا
تا ٢٤ی تەمووز تەنها لە هۆکارەکانی گواستنەوە، ناوەندەکانی تەندروستیی و دەرمانخانەکاندا بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێ بوو، بەڵام لە دوای ئەم بەروارەوە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە مارکێت، بانک، پۆستەخانە و فڕنەکانیشدا بەکارهێنانی دەمامک کرایە زۆرەملێ.
هەرکەسێکیش پابەند نەبێت بە ٥٠ یورۆ سزا دەدرێت.
تا ئێستا ٢١ هەزار و ٦٩٦ حاڵەتی تووشبوون و ٧١٩ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە نەمسا تۆمار کراوە.
- هەنگاریا
لە هەنگاریا لە دەستپێکی وەرزی هاوینەوە لە بازاڕەکان و هۆکارەکانی گواستنەوەدا بەکارهێنانی دەمامک بۆ کەسانی سەروو شەش ساڵ کراوەتە زۆرەملێ.
ئەو کەسانەی پابەند نەبن بە بەکارهێنانی دەمامکەوە پۆلیس دەتوانێت بە پێنج هەزار بۆ٥٠٠ هەزار فۆرینت سزایان بدات.
ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە چوار هەزار و ٥٩٧ کەس و ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش ٦٠٠ کەسە.
- بولگاریا
هەرچەندە لە بولگاریا تەنها لە دەرمانخانە، نەخۆشخانە و هۆکارەکانی گواستنەوەدا بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێیە، بەڵام لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی زۆر شوێن داوای بەکارهێنانی دەمامک لە میوانەکان دەکەن.
لەو شوێنانەی بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێیە، هەرکەس پابەند نەبێت بە بڕی ٣٠٠ لێڤا (١٥٠ یۆرۆ) سزا دەدرێت.
تا ئێستاش ١٣ هەزار و ١٤ حاڵەتی تووشبوون و ٤٣٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە تۆمار کراون.
- وڵاتانی سکەندەناڤیا
لە وڵاتانی سکەندەناڤیا کە بریتین لە سوید، نەرویج، دانمارک و فینلاند بەکارهێنانی دەمامک زۆرەملێ نییە.
تەنانەت لە هەندێک لەو وڵاتانە حکوومەت تەنها هۆشداری دەدات بە هاووڵاتییان کە دەمامک بەکاربهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا ٨١ هەزار و ٩٦٧ حاڵەتی تووشبوون و پێنج هەزار و ٧٦٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سوید، ١٤ هەزار و ٣٠٦ حاڵەتی تووشبوون و ٦١٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە دانمارک، حەوت هەزار و ٥٣٢ حاڵەتی تووشبوون و ٣٣١ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە فینلاند و نۆ هەزار و ٤٦٨ حاڵەتی تووشبوون و ٢٥٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە نەرویج تۆمار کراون.