Hawkar Yaseen
04 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا چڕ کردووەتەوە و دەیانەوێت لە یەک کاتدا لە پشکی ڤاکسینەکەی عێراق بڕێک وەربگرن و هەرێمی کوردستانیش خۆی بە سەربەخۆیی لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی بکیڕێت.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا رایگەیاند "هەوڵەکانی ئێمە بۆ دابینکردنی ڤاکسین لەگەڵ بەغدایە و هەوڵی تایبەتی خۆشمان هەیە، ئەوەی لەگەڵ بەغدایە وەزیری تەندروستیی عێراق بە ئیمەیڵ داوای ناو و ژمارەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی لێکردووین، چونکە ئەولەویەت سەرەتا بۆ ئەوانە، یەکەم کاروان کە دەگات ئەوانەی لە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا کاردەکەن دەبێت ڤاکسین وەربگرن، بەگشتیش بەغدا ژمارەیەکی بۆ ئێمە دیارییکردووە لەو بڕەی دەگات لە جۆرەکەی کۆمپانیای ڤایزەر، بەڵام بەداخەوە کە دیارنییە چ رۆژێک دەگات رەنگە هەندێک دوا بکەوێت".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "لایەنێکی دیکە ئێمە خۆمان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ڤایزەر و ئەسترازێنیکا و چەند کۆمپانیا و کۆنسولگەرییەک لەسەر هێڵین، چەند کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامداوە، لیژنەی باڵا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە لە رووی دانانی سەنتەر و چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردن و هێنان و خەزنکردنی ڤاکسینەکە و راهێنانی کارمەندان و پزیشکان و دانانی خشتە و لایەنە زانستییەکەی کە کێ وەریدەگرێت ئەم ئامادەکارییانە هەمووی کراوە، ئەوەی ماوە هەندێک لایەنی لۆجستیکە تاوەکو ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی جیهان بگەین بەوەی بڕێک ڤاکسین دابین بکەین و بگەین بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یەکێک لەو جۆرانەی کە هەیە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئامادەکردنی بوودجەی پێویست بۆ کڕینی ئەو بڕە ڤاکسینەی دەگەینە رێککەوتن لەسەری".
سامان بەرزنجی راشیگەیاند "عێراق لەگەڵ کۆمپانیای ڤایزەر یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆز ڤاکسینی دابینکردووە کە بەشی ٧٥٠ هەزار کەس دەکات، بەڵام ئەمەش هەمووی بەیەکەوە ناگات، گرێبەستێکی دیکەشیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڤاکسە، دابەشکردنەکەشی بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانە و بەو جۆرەش پشکی ئێمە دیارییکراوە".
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ڤاکسین خۆی رێژەی بەرهەمهێنانی کەمە لە جیهاندا و ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە کۆمپانیاکان ئەو ڤاکسینە بەرهەم دەهێنن کە رێژەی سەرکەوتنی باشە، نۆرەی داواکاریش زۆرە بۆیە دەستکەوتنی بەو بڕ و کاتەی دەتەوێت ئاسان نییە".
سامان بەرزنجی دەربارەی ئەنجامی هەوڵەکانیشیان بۆ راستەوخۆ دابینکردنی ڤاکسین جگە لە بڕەکەی لە عێراق بۆیان دابینکراوە گوتی: "ئێستا کۆمپانیای ئەسترازێنیکا رەشنووسی گرێبەستێکیان ناردووە کە ئەمە گرێبەستی سەرەتایی پێدەڵێن نەوەک کۆتایی و لەسەر هێڵین لەگەڵیان و پێیان گوتووین کە رۆژی ١٥ی مانگ وەڵامێکی دیکەمان دەدەنی".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لە رووی خەمڵاندنی پێداویستی هەرێمی کوردستان بۆ ڤاکسین رایگەیاند "خەمڵاندن لەسەر ئاستی جیهان کراوە، بۆ ساڵی ٢٠٢١ بۆ هەموو کۆمەڵگاکانی جیهان لەسەدا ٢٠ خەمڵێندراوە کە ڤاکسین وەربگرن، ئەم خەمڵاندنە رێژەی ئامانجی ئاژانسی کۆڤاکسە بۆ هەموو وڵاتانی جیهان و لە ساڵی ٢٠٢٢ رێژەکە دەبێتە لەسەدا ٥٠ بۆیە بەو پێوەرە لە هەرێمی کوردستان بڕی پێویست دەکاتە دوو ملیۆن و ٤٧٠ هەزار ژەم".