سياسەت, عێراق

راگەیەندراوێکی ھاوبەش لە سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە

Sarmand Hameed  | 15.10.2021 - نوێکردنەوە : 16.10.2021
راگەیەندراوێکی ھاوبەش لە سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، فایەق زێدان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو تانانەی کە لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگیرێن پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێن و یەکلایی بکرێنەوە.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، هەریەک لە بەرھەم ساڵح و فایەق زێدان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "وەک بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و دەستووری و یاساییەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی پرۆسەی دەستووری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھاوکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئەوەی وڵات نەبرێت بە ئاڕاستەی کێشمەکێش و دۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی گشتی بکات".

سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق جەختیان لە گەڕانەوە بۆ خەڵک لەسەر بنەمای دەستوور کردووەتەوە و رایانگەیاندووە "خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتی حوکمڕانییە و هەڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانیی و رێگەچارەیەکی دیموکراسی و ئاشتیانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بژاردەکانی، بۆیە پێویستە متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەیی ھێنانەئاراوەی خواستی راستەقینەی گەل".

سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە هەیە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەرهەم ساڵح فایەق زێدان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلایکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت.

سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق پشتیوانی خۆیان بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە دووپات کردووەتەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختیڵن لە گرنگی رەچاوکردنی هەموو ئەو سکاڵا و تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو، کردووەتەوە.

بەرهەم ساڵح و فایەق زێدان داوایان لە هەموو لایەنەکان کردووە بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن، و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دوور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھەروەک دووپاتی گرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە چاوەرێ دەکرێت بۆ پێکھێنانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە گوزارشت بێت لە خواستی گەل و ھێنانەکایەوەی چاکسازی بنەڕەتی و گەشەپێدان، و کارکردن بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی کارا کە کار بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چەسپاندنی دەوڵەتی توانادار کە داوا رەواکانی خەڵک رووەو و ئایندەی باشتر بھێنێتەدی، کردووەتەوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە راگەیەندرا، بەشێک لە لایەنەکان ئەو ئەنجامانەیان رەتکردەوە و نیگەرانیی خۆیان لەمبارەیەوە راگەیاند.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın