Zana Natık Kerem
27 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
دەزگای دژەتیرۆری عێراق بۆ یەکەمجار تاکتیکێکی نوێ لە راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، پەیڕەو دەکات.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، سەباح نوعمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە، ھێزەکانی دژەتیرۆر تاکتێکێکی نوێیان لەو ئۆپەراسیۆنەی کە بۆ ماوەی دوو ھەفتە بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە زنجیرە چیاکانی مەخموور باشووری رۆژھەڵاتی نەینەوا ئەنجامیاندا، پەیڕەو کردووە و گوتی:
"لە تاکتیکە نوێیەکەدا، بەر لەوەی ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدرێت، پشت بە کۆکردنەوەی زانیارییە ھەواڵگرییەکان بەستراوە و دواتر تیرۆریستان پەلکێشی ناوچەکە کراون و پاشان بە ھێرشی ئاسمانی کراونەتە ئامانج".
گوتیشی: "ھەر لە چوارچێوەی تاکتیکە نوێیەکەدا، ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە ھێرشە ئاسمانییەکاندا لە ناوچەکەدا ھەڵاتبوون، بە قەناسی ھێزەکانی دژەتیرۆر کرانە ئامانج".
سەباح نوعمان دووپاتیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی دژەتیرۆر بۆسەر تیرۆریستانی داعش، بەردەوامە.