دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان پێکدەھێندرێت
دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان: ''پێمان وایە ئەو ھەنگاوە کاریگەرییەکی زۆر باشی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خێراکردنی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان لە دادگا''.
Arbil
ھەولێر - AA
دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە دادگایەکی بۆ تاوان و دادگاییکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەکانی گەندەڵی پێکدەھێنرێت.
دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەنداوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ''لەسەر داوای دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان و بە نووسراوی ژمارە (١/١٣٥) لە ١/١٢/٢٠٢٠، ئەنجوومەنی دادوەری، بە فەرمانی ژمارە ١/١/١١٧ لە ١٨/٢/٢٠٢١، بڕیاریاندا بە پێکھێنانی دادگایەکی تاوان بۆ دادگاییکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەکانی گەندەڵی بەناوی (دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و تایبەتمەند دەبێت بە بینینی کەیسەکانی گەندەڵی''.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە ''ئێمە لە دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی دادوەری دەکەین و پێمان وایە ئەو ھەنگاوە کاریگەرییەکی زۆر باشی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خێراکردنی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان لە دادگا''.