Haydar Karaalp
10 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
خۆپیشاندەرانی عێراق لە سەدەمین رۆژی خۆپیشاندانەکاندا دژ بە حکوومەت ئەمڕۆ لە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی "خۆپیشاندانی ملیۆنی"یان راگەیاند.
خۆپیشاندانەکان کە لە ۱ی تشرینی یەکەمی ۲۰۱۹ لە بەغدا دەستی پێکرد، دوای ماوەیەکی کەم شارەکانی باشووریشی گرتەوە. دوای ھەفتەیەک وچان لە ۲٥ی تشرینی یەکەم دووبارە خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردەوە.
گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی شاری بەغدا بووەتە لانەی خۆپیشاندەران لە کاتێکدا چەندین جار ھێزە ئەمنییەکان بۆ بەکۆتاھێنانی چالاکییەکانی خۆپیشاندەران زەبری زۆریان بەکارھێناوە.
ھێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی باشووریشدا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران چەندین ھێزی جۆراوجۆری سەربازییان بەکارھێناوە.
حکوومەتی عێراق رایگەیاند تاوەکو ئێستا زیاد لە ۳٥۰ کەس کوژراوە، نزیکەی ۱۰۰۰ کەس بریندار بووە. ھەزاران چالاکوانی مەدەنی دەستبەرکراون. ھەندێکیشیان لێ کوژاراوە.
خۆپیشاندەران سەرەتا لە بەغدا و ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی دیکەوە بانگەشەی "خۆپیشاندانی ملیۆنی" دەکەن.
دوای کوژرانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبومەھدی ئەلموھەندیس لەلایەن ئەمریکا، خۆپیشاندەران بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکا ھەست بە نیگارانی دەکەن و نایانەوێت وڵاتەکایان ببێتە گۆڕەپانی ململانی سیاسی.
لە میانی بانگەشەی "خۆپیشاندانی ملیۆنی" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروشمی "وەتەنمان دەوێت، نەوەک شەڕ." بڵاوکرایەوە.
ھەروەھا خۆپیشاندەرانی عێراقی ناڕازین لەوەی ھێشتا حکوومەتێکی سەربەخۆ پێکنەھێنراوە.
موقتەدا سەدر کە چەندین لایەنگری حزبەکەی لەنێو خۆپیشاندارانن، بەر لە دوو رۆژ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە لەماوەی ۱٥ رۆژدا داوای پێکھینانی حکومەتێکی سەربەخۆ و بەھێز دەکەین.
لە خۆپیشانەکاندا داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەو سیاسییە مەزھەبگەرایانە دەکرێت کە لە رابردوودا وڵاتییان بەرەو شەڕی ناوەخۆیی بردووە.
بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران لە چینی گەنجانن. دروشمە مەزھەبییەکان رەت دەکەنەوە، لە گۆڕپانی خۆپیشاندان جگە لە ئاڵای عێراق رێگە بە ھەڵکردنی ھیچ ئاڵایەکی سیاسی و ئایینی یاخود پۆستەری ھیچ سەرکردەیەک نادریت.
خۆپیشاندانەکان جگە لە دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی، بووە ھۆی گۆڕانکاری لە یاسای ھەڵبژاردنيش.