Sarmand Hameed
04 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2019
بەغدا - AA
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کوژراون، بەرزبووەتەوە و گەیشتە ٣٨ کەس.
ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، هێمن باجەلان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە کە رۆژی سێشەممە دەستی پێکرد، تاکو ئێستا ٣٨ کەس کوژران و هەزار و ٩٣٦ ی دیکە بریندار بوونە".
هێمن باجەلان جەختی لەو کردەوە کە بەکارهێنانی فیشەکی راستەقینە دژ بە خۆپیشاندەران رێککارێکی قبوڵکراو نییە.
بە گوتەی هێمن باجەلان، لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە تاکو ئێستا هێزە ئەمنییەکان، ٤٥٤ خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە و لەو ژمارەیە ٢٨٧یان ئازاد کراون و ١٦٧ی دیکە تاکو ئێستا ئازاد نەکراون.
پێشتر کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کوژراون ٣٧ کەس کوژراون.
دوای ئەم بەیاننامەیە، خۆپیشاندەرێک لە بەغدا کوژرا و بەمەش ژمارەی کوژراوەکان بۆ ٣٨ کەس بەرزبووەوە، وەک هێمن باجەلان ئاماژەی پێدا.