Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سوپای عێراق راگەیاند كە چوار حەشارگە و دوو تونێلی داعش لە سنووری پارێزگای ئەنبار رۆژئاوای عێراق خاپووركراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار و هێزەكانی حەشدی شەعبی ئۆپەراسیۆنێكیان بە ئامانجی دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و پتەوتركردنی رەوشی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكانی باكووری ئەنبار ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، چوار حەشارگە و دوو تونێلی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی باكووری ئەنبار خاپووركراون.
رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، تەواوی پارێزگاكانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنباری داگیركرد لەگەڵ بەشێكی پارێزگاكانی دیالە و كەركووك كە دواتر لە ماوەی چەند ساڵێكدا لە دەست ئەو رێكخراوە تیرۆریستیە رزگاركران.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاند.
سەرەڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق داعش-یان لە ناوچەكان شكستپێهێناوە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەكانیان بەتایبەت لە ناوچەكانی سەربە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووك، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.