Zana Natık Kerem
09 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق رایگەیاند کە لەسەرەتای ساڵی داھاتوودا، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان دادەخەن جگە لەو کەمپانەی کە لە ھەرێمی کوردستانن.
ئیڤان فایەق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە پلانێکی نیشتمانییان داناوە بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە عێراق دابخەن جگە لەو کەمپانەی کە لە ھەرێمی کوردستانن و گوتیشی: "ھەماھەنگیی باشمان لەگەڵ رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتییدا ھەیە بۆ بنیتانەوەی ژێرخانی ناوچە کۆنترۆڵکراوەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی بە ئاوارەکان".
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق ئاماژەی بەوەیشداوە کە تا کۆتایی ئەم مانگە، کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین لەگەڵ کەمپی فەللوجە لە ئەنبار دادەخرێن.
بەپێی ئامارە نا فەرمییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا، بەھۆی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە رێکخراوەکە دەستی بەسەرداگرتبوو، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ وەک تورکیا یان وڵاتانی ئەورووپا کردووە.
پێشتر حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە تا ئێستا، چوار ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.