Zana Natık Kerem
18 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی ئاشكرای كرد، لە رێگای کارا کردنی لێک تێگەیشتنیان لەگەڵ تورکیا، عێراق بەتەواوی پشکی ئاوی خۆی وەردەگرێت.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، مەھدی رەشید حەمدانی لە کۆنگرەی ئاسایشی ئاو رایگەیاندووە، توانیویانە یاداشتنامەی لێك تێگەیشتن لەگەڵ تورکیا کارا بکەنەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ واژوو کراوە و دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا ھەموار کراوەتەوە و گوتوویهتی:
"لە رێگای کارا کردنی لێک تێگەیشتنەکە، عێراق بەتەواوی پشکی ئاوی خۆی وەردەگرێت".
راشیگهیاندووه: "لیژنەیەکی ھاوبەش بۆ ھەماھەنگیی لە پرسی ئاودا لەگەڵ تورکیا پێکھێنراوە کە بارەگای لیژنەکە لە عێراقە".
حەمدانی ئاماژەی بەوەیش داوە، ئەو ئاوەی کە لە ئێرانەوە دێت، ئەگەر رێژەکەی ١٥ لە سەدا بێت، ئەوا کاریگەریی لەسەر پارێزگای دیالە دەبێت، چونکە پارێزگاکە بە تەواوهتی پشت بە ئاوی ئێران دەبەستێت و رایگهیاندووه:
"قەیرانی ئاو، تەنھا قەیرانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو نییە، بەڵکو قەیرانی وڵاتە و ئومێد دەیکەین ھەمووان ھەوڵی زیاتر بدەن بە ئامانجی چارەسەر کردنی".
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق باسی لەوەش کردووە کە مامەڵە کردن لەگەڵ دۆسیەی ئاو زۆر ھەستیارە و رایگهیاندووه:
"بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت، پلانێکی ستراتیجیمان تایبەت بە ئاو تا ساڵی ٢٠٣٥ داناوە، بەڵام جێبەجێ کردنی پلانەکە پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە".