عێراق

جەعفەر شێخ مستەفا: ''لەگەڵ هاوپەیمانی بەنیازبووین هێرش بکەینە سەر داعش، بەڵام هێزە عێراقییەکان رێگربوون''

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: ''هەندێکجار لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی کە بەنیازبووین هێرش بکەینە سەر ناوچەکانی نزیک شۆراو و سەروو خورماتوو کە داعش خۆیانی تیادا مەڵاس داوە، بەداخەوە هێزە عێراقییەکان رێگربوون، رێگەیان نەداوە هێزی پێشمەرگە بەشداربن''.

Rewa Mahmood Hasan  | 09.04.2020 - نوێکردنەوە : 11.04.2020
جەعفەر شێخ مستەفا: ''لەگەڵ هاوپەیمانی بەنیازبووین هێرش بکەینە سەر داعش، بەڵام هێزە عێراقییەکان رێگربوون''

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە ناحیەی کوڵەجۆ کرد.

جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانی بەنیازبوون هێرش بکەینە سەر داعش، بەڵام هێزە عێراقییەکان رێگربوون.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەرەتا پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گەیاند بە پێشمەرگەکان و تەواوی خەڵکی ناوچەکە و دواتر قسەی بۆ پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەکە کرد.

شێخ جەعفەر شێخ گوتی: ''هاتووین لە نزیکەوە ئاگاداربین لە رەوشی ناوچەکە، دوای ئەوەی تیرۆریستان هێرشیان هێنابووە سەر رەبایەیەکی کوڵەجۆ بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون''.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بۆشایی ئەمنی هەیە لە ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەتایبەت دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ئێستا لەو ناوچانەی دەرەوەی هەرێم هیچ هەماهەنگیەک نییە، بۆیە تیرۆریستان زەفەر دەهێنن''.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: ''جاران لە شەڕی داعشدا سەنگەرمان هەبوو، هێڵی بەرگریمان بەرامبەر یەکتر هەبوو، بەڵام ئێستا دوژمن هێڵەکەی دیار نییە، هێرش دەهێنن و دەکشێنەوە. ئێمەش هێڵی بەرگریمان نەماوە، بەهۆی ئەوەی کە هێزی عێراقی هاتۆتە ئەو ناوچانەی کە جاران پێشمەرگەی لێبوون''.

شێخ جەعفەر جەختی لەوە کردەوە کە ''تاکە چارەسەر ئەوەیە کە هەردوو هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق ژووری عەمەلیاتی هاوبەش دروست بکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەماهەنگییەکانمان بەهێز بکرێنەوە''.

سەبارەت بەهۆکاری دروست نەکردنی ئەو هەماهەنگییە شێخ جەعفەر گوتی: ''ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دەسەڵاتمان داوە بەو هێزە مەیدانیانەی پێشمەرگەی ناوچەکە کە هەماهەنگی بکەن لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی حکوومەتی عێراق، بەڵام بەداخەوە ئەوان نەهاتوونەتە پێش، هەرچەندە چەندین جار کۆبوونەوە و رێککەوتن کراوە لەسەر هەماهەنگی''.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند کە ''هەندێکجار لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی کە بەنیازبووین هێرش بکەینە سەر ناوچەکانی نزیک شۆراو و سەروو خورماتوو کە داعش خۆیانی تیادا مەڵاس داوە، بەداخەوە هێزە عێراقییەکان رێگربوون، رێگەیان نەداوە هێزی پێشمەرگە بەشداربن''.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın