Rewa Mahmood Hasan
24 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2022
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەرى ناحیەى قادر کەرەم رایگەیاند، هێرشەکەى ئەمڕۆى سەر کێڵگەى کۆرمۆر لەهەمان ئاڕاستەى هێرشەکەى دیکەوە بووە و هیچ زیانێکى لێنەکەوتووەتەوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ جارێکی دیکە هێرشی مووشەکی کرایە سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگرکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەرى ناحیەى قادرکەرەم، سدیق محەمەد بە ئاژانسی ئانادۆڵوى راگەیاند، هێرشەکەکە کاتژمێر ٢:١٠ی پاشنیوەڕۆ ئەنجام دراوە.
سدیق محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە مووشەکەکە لەهەمان ئاڕاستەى مووشەکەکەی چەند رۆژی رابردووەوە ئاراستەکراوە کە لە بۆشایى ئەمنى خوارووى کێڵگەکەوە کە ناوچەیەکی بەرفراوانە و لەنزیک کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە پوش و پاوانی ناوچەکە گڕی گرتووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم جەختیشیکردەوە، هێرشەکە زیانى نەبووە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، هەموو ئەو هەواڵەنەیشی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن مووشەکەکە بەر کەمپەکە کەوتووە.
لەماوەى سێ رۆژدا ئەمە دووەمجارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر لە چەمچەماڵ کە لەلایەن کۆمپاناى دانا غازەوە بەڕێوەدەبرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردووە بەڕێوبەرایەتی گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆر(CTG) ئاشکرای کرد کە کاتیۆشایەک لە شوێنێکی نادیارەوە ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە نزیک ناحیەی قادر کەرەم سەربە قەزای چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی کراوە.