Heman Hussein Yaseen
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2021
ههولێر - AA - هێمن حوسێن
تەسبیحەکانی وەکو قەزوان، لاسوورە، بەرزنجە، ئەبڵەق، کارەبا، باغەیی و شووشەیی و چەندین جۆری دیکە و کە ھەر یەکێکیان کڕیاری تایبەتی خۆی ھەیە لە ترسی تووشبوون بە کۆرۆنا و خواستی لەسەر کەمبووەتەوە و کزی بە بازارەکەوە دیارە.
باخی شار کە دەکەوێتە ناوجەرگەی بازاڕی شاری ھەولێر لە کۆنەوە جێگای فرۆشیار و کڕیارانی تەسبیح بووە و ئەوەیش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ئەو شوێنە وەکو جێگایەکی شوێنەوار و کولتووری سەیربکرێت و ھەمیشە ئارەزوومەندانی ئەو بوارە لەو شوێنەدا کۆدەبنەوە.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، خەڵکێکی زۆر روو لە بازاڕی تەسبیحفرۆشان دەکات بۆ کڕینی تەسبیحی جۆراوجۆر بە مەبەستی زیکرکردن و ھەندێکجاریش کڕینی تەسبیح بۆ پێشکەشکردن و دیاری، بەڵام ئەمساڵ پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، خواست لەسەر کڕینی تەسبیح کەم بووە، وەک تەسبیحفرۆشان ئاماژەی پێ دەکەن، کۆرۆنا و قەیرانی دارایی، بازاڕی ئەوانی پەکخستووە.
تەسبیح لە زۆر وڵاتەوە دەھێندرێتە ھەرێمی کوردستان، جۆری قەزوان خۆماڵییە و، کرمان لە ئێران، کارەبایی لە ئەڵمانیا و، جۆری دیکەیش لە تورکیا و ئیتاڵیاوە دەھێندرێتە ھەرێم.
مام کەریم تەمەن ٦٥ ساڵ کە ماوەی ٢٥ ساڵە لەم بازاڕە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی تەسبیح دەکات، ئەو ئاماژە بەوە دەکات بەھۆی قەیرانی دارایی و کۆرۆنا، بازارەکەیان سست بووە و نرخەکان لەسەدا ٥٠یان لەدەستداوە.

مام کەریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: ''ماوەی ٢٥ ساڵە لێرە کار دەکەم، ئەمساڵ پێچەوانەی ساڵانی دیکە، بازاڕی تەسبیح جووڵەی نەکردووە، ساڵانی پێشوو لە مانگی رەمەزاندا خەڵکی بۆ زیکرکردن تەسبیحی زۆریان دەکڕی بەڵام ئەمساڵ بابەتی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕی ئێمەش و نزیکەی لەسەدا ٥٠ نرخەکان دابەزیووە''.
تەسبیح چەند جۆرێکی ھەیە وەکو قەزوان، لاسوورە، بەرزنجە، ئەبڵەق، کارەبا، باغەیی و شووشەیی و چەندین جۆری دیکە و کە ھەر یەکێک لەوانەش نرخێکی تایبەتی خۆی ھەیە بە تایبەت جۆری قەزوان کە کڕیاری تایبەتی خۆی ھەیە و لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند دەکرێنە دیاری و تەنانەت سەرکردەکانی جیھانیش زۆرجار لە کاتی دەرکەوتنییان تەسبیحێکیان لەدەستە.
لەبارەی جۆرەکانی تەسبیح و خواستی ھاووڵاتییان، مام کەریم دەڵێت: ''تەسبیح جۆری زۆرە، قەزوان چەند جۆرێکی ھەیە، وەک لاسوورە، بەرزنجە، قەلەخۆر و بنەوشە، ھەروەھا تەسبیحی کرمان و کارەبایی نرخەکانییان گرانە بەتایبەت کارەبایی ئەڵمانیی کە نرخەکەی بەگرامە و پێش چەند رۆژێک کەسێک تەسبیحێکی ھێنا بۆ چاککردنەوە کە نرخەکەی دەگەیشتە ٣٠ ھەزار دۆلار چونکە مێژووەکەی زۆر کۆن بوو''.

مام کەریم دەشڵێت: ''ھەموو چین و توێژەکان خواستیان لەسەر تەسبیح ھەیە بەتایبەت لەسەر قەزوانی لاسوورە ئەویش چەندەی دەنکەکانی ورد بێت و راست بێت ئەوا نرخی لەوانی دیکە زیاترە''.
لەبارەی دۆخی بازاڕەکەیان لە ئێستادا، مام کەریم دەڵێت: ''ئەم قەیرانە وایکردووە ھەفتانە تەسبیحێک نەفرۆشین و ئەمەش ھەموومانی بێتاقەت کردووە لە ئیشکردن''.
تەسبیحفرۆشکی دیکە کە ماوەی ٣٠ ساڵە لەم بازاڕە مامەڵەی تەسبیح دەکات و وەک خۆی دەڵێت لە منداڵیشەوە حەزی بەم بازاڕە کردووە و بەردەوام سەردانی کردووە و، لە ساڵی ١٩٩١یشەوە لەم بازاڕە کار دەکات، بەڵام لەدۆخی ئابووری نیگەرانە کە بازارەکەیانی سست کردووە.
مام ھاشم تەمەن ٦٠ ساڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: ''نزیکەی ٣٠ ساڵە لێرەم، پێشتریش لە منداڵییەوە حەزم لەو بازاڕە دەکرد و دەھاتمە بازاڕی تەسبیحفرۆشان، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ لێرە دەستم بەکارکردن کرد و تا ئێستا بەردەوامم''.
لەبارەی دۆخی بازاڕەکەیان لەم مانگەدا، مام ھاشم دەڵێت: ''ئەمساڵ بازاڕ زۆر خراپە و کڕیار نییە، ھۆکارەکەیشی بێ مووچەییە و ڤایرۆسی کۆرۆناش کاریگەری لەسەر بازاڕ ھەیە، ساڵانی پێشوو، لە مانگی رەمەزان بازاڕ بەبەر نەدەکەوت و، ئێستا بە دوو ھەفتەی تەسبیحێک نافرۆشین و، بازاڕ سهدا ٨٠ دابهزیووه، بێگومان ئەمەش ھەموومانی بێتاقەت کردووە''.
لەبارەی جۆری تەسبیحەکان و خواستی ھاووڵاتییان، مام ھاشم دەڵێت: ''خواست لەسەر قەزوان زۆرە، خەڵکی ھەولێر خواستی لەسەر قەزوانی لاسوورە و لاڕەشەیە، خەڵکی سلێمانی خواستیان لەسەر قەزوانی بەرزنجەیە، بێگومان قەزوان خزمەتێکی زۆری دەوێت و بە چەند قۆناغێک دەگاتە بازاڕ و ئێستا بۆ ھەر تەسبیحێک بڕی ١٠ ھەزار دینار تەنیا بۆ کونکردنی دەنکەکانی وەردەگیرێت بەڵام بەھۆی بێ بازاڕییەوە جاری وا ھەیە تەسبیحی لەم نرخەش کەمتر دەفرۆشین''.
ترسی تووشبوون بە کۆرۆنا خواستی لەسەر تەسبیحیش کەم کردووە
بەگوتەی مام ھاشم، تەسبیحی جۆری کارەبایی ئەڵمانیی لە ھەموو تەسبیحێک گرانترە و لەمبارەیەوە دەڵێت: ''جۆری کارەبایی ئەڵمانیی لە ھەمووی گرانترە کە گرامێک نزیکەی ٣٠٠ ھەزار دینارە، تەسبیحی ١٠١ دەنکی کە زۆر خواستی لەسەرە ھەر شەش گرامێک دەردەچێت کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن دینار''.
تەسبیح بۆ مەبەستی جۆراوجۆر بەکاردێت وەکو زیکرکردن و یادکردنەوەی خودا و زۆرجاریش تەسبیح بۆ خۆخافڵاندن بەکاردێت و لە کۆڕو دیوەخانەکاندا بەدەست پیاوە بە تەمەنەکانەوە دەبینرێت.