بەهۆی بوونی پەکەکە و ناسەقامگیرییەوە پەنابەرانی سووری ناگەڕێنەوە وڵاتەکەیان
زیاتر لە ١١ ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، ئەوان باس له بێهیوابوونیان دهكهن لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
Dahuk
دھۆک - AA
زیاتر لە ١١ ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، ئەوان باس له بێهیوابوونیان دهكهن لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و ئاماژه بهوه دهكهن كه ئیتر لە ھەرێمی کوردستان دەستیان بە کار و كهسابهت کردووە.
دۆخی ناسەقامگیری سووریا لە لایەک و زبروزەنگەکانی پەکەکەش لە لایەکی دیکەوە، ئەو پەنابەرانی بێ هیوا کردووە لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.
پهنابهر شوان عەلی کە خەڵکی شاری قامشلۆیە و ئێستا لە کەمپی دۆمیزی سەربە شاری دھۆک دەژی، له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ ئاژانسی ئانادۆڵو وێڕای ئاماژهدان بهوهی لە ساڵی ٢٠١١وه ئاوارەی سنووری پارێزگای دھۆک له ھەرێمی کوردستان بووه، گوتی: "لە سووریا ژیان زۆر قورس بووە، ئێمە ئیتر بێھیوابووین لە گەڕانهوه بۆ زێدی خۆمان، ئەگەر بشگەرێمەوە ئەو ئیشەی من دەیکەم، ناتوانم خێزانەکەمی پێ بەخێو بکەم. ئەگەر بزانین ئاسایش له سوورریا بەرقەرارە و ھەلی کار ههیه، خوازیارین بگەڕێینەوە".
لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپ هەیە، پێنج لەوانە کەمپی پەنابەرەکانی سووریان کە بریتین له ھەریەک لە کەمپەکانی دۆمیزی یەک، دۆمیزی دوو، بەردەڕەش، گەوێلان و ئاکرێ.
پهنابهر ئەیاد حسێن عەلی یهكێكی دیكهیه لهوانهی پهنایان بۆ ههرێمی كوردستان هێناوه، ئهو گلهیی لە خراپی دۆخی سووریا دەکات له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەبوونی سەقامگیری و بەردەوامبونی کردەوەی تیرۆریستی و شەڕ و ئاڵۆزیی لە سووریا بووهته ھۆی ئەوەی نەتوانین بگهڕێینهوه. پەکەکەش یەکێکه لەو ھۆکارەکانهی کە پەنابەرانی سووریا، ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، نەتوانن بگەڕێنەوە، چونکە پەکەکە لە سووریا خەڵکی دەباتە سەربازی زۆرەمڵێ و شەڕیان پێدەکات. بۆیە من ھەتا پێم بکرێت ناگەڕێمەوە و دایک و باوکییشم دەھێنمه ھەرێمی کوردستان و با ئەوانیش لە ناو کەمپەکاندا بژین".
هاوكات پهنابهر، محەمەد عەلی كه له کەمپی دومیز دهژی گلهیی لە ھاوکارییەکانی رێکخراوە نێودەوڵهتییهكان ھەیە و له لێدوانێكدا رایگهیاند: "رەوشمان باش نییه، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زۆر ھاوکار نیین، پێشتر لانیكهم سەبەتەی خۆراکیان پێدهداین بهڵام ئەویش بڕدراوە. کە رێکخراوەکان دێن و تەماشای خانووهکانمان دەکەن و ئۆتۆمبێلەکانمان دەبینن، دەڵێن پەنابەری سووریا ھەموو دەوڵەمەندن. نازانن ئێمە ھەموو زهوی و موڵك و خانوومان لە سووریا فرۆشتووە و لێره ئەو پارەیهمان ساخكردووهتهوه".
زیاتر لە ١٠٠ رێکخراوی هاوكاریی مرۆیی بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان ھەن کە زۆربەیان رێکخراوی نێودەوڵەتین.
لە دەسپێکی جەنگی سووریاوە له ساڵی ٢٠١١، سەدان خێزانی سووری پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان هێناوه، بەشێکیان لە کەمپەکاندا دەژین و بەشێکی دیکەشیان ژیانێکی نوێیان لە ناو شارەکاندا دەستپێکردووە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن