Sarmand Hameed
06 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەهدی حەمدانی و باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز تاوتوێی قۆناغەکانی دروستکردنی ناوەندی توێژینەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو کرد.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڵاویکردەوە، مەهدی حەمدانی و فاتح یڵدز کۆبوونەوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرۆتۆکۆڵی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد کە بڕیارەلە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا واژوو بکرێت.
واژووکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە، دەرەنجامی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمییە بۆ تورکیا کە رۆژی ١٧ کانوونی یەکەمی رابردوو بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی تورکیا کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە مەهدی حەمدانی و فاتح یڵدز باسیان لەو بابەتانە کرد کە لە میانی سەردانەکەی کازمی بۆ تورکیا باسیان لێوەکراوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی قۆناغەکانی دروستکردنی ناوەندی توێژینەوەی هاوبەش کە بڕیارە لە عێراق دروست بکرێت بە ئامانجی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەنێوان وڵاتدا، سەردانی عێراق بکەن.
ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە رۆژهەڵاتی تورکیاوە هەڵدەقوڵێت و بە خاکی سووریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشووری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی عەرەب.
هەردوو رووباری دیجلە و فورات وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی عێراق هەژمار دەکرێن و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی ئاو تیایدا کەمی کردووە ئەمەش بەهۆی کەمی دابارینی باران بووە.
عێراق بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و کشتوکاڵ بەشێوەی سەرەکی سوود لە ئاوی ئەو دوو رووبارە وەردەگرێت.
تورکیا نەرمی زۆری نواندووە لەبەرامبەر داواکاری بەغدا لەبارەی ئاوی هەردوو رووبارەکە و لەم چوارچێوەیەدا ئەنقەرە لە زیاتر لە جارێک پڕکردنی بەنداوی "ئیلسۆ"ی لەسەر رووباری دیجلە دواخستووە.
مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەهدی حەمدانی رایگەیاند ئاو لە هەردوو رووبارەکەدا لەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمی کردووە.
مەهدی حەمدانی روونیکردبووەوە، کەمبوونەوەی ئاو لە هەردوو رووبارەکەدا بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی دابارینی باران بووە بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩.