عێراق

بەشیر حەداد لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کۆبووەوە

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد لەگەڵ ھەریەک لە عەدنان زورفی، محەمەد شیاع سودانی، محەمەد ساحب دەراجی، فیسەڵ عیساوی و ھیشام سوھەیل کۆبووەوە.

Sarmand Hameed  | 27.11.2020 - نوێکردنەوە : 27.11.2020
بەشیر حەداد لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کۆبووەوە

Arbil

هەولێر - AA

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد لەگەڵ ھەریەک لە عەدنان زورفی، محەمەد شیاع سودانی، محەمەد ساحب دەراجی، فیسەڵ عیساوی و ھیشام سوھەیل ئەندامانی ئەو لێژنە پەرلەمانییەی کە لە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە فەرمانی ژمارە (١١٨) لە رێککەوتی ٢٠٢٠/١١/٢٣پێکھێنرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کۆبووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامانجی دروستکردنی ئەو لیژنەیە و چۆنیەتی کارەکانی کراوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، بەشیر حەداد پشتگیری و پشتیوانی تەواوی خۆی و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بۆ ئەو لیژنەیە دووپاتکردووەتەوە و داوای لە ئەندامانی لیژنەکە کردووە کە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و ھانی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بدەن بۆ ئەوەی زیاتر لێک نزیک ببنەوە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک لەسەر ئەو کێشانەی کە لە نێوانیاندا ھەیە و جاریکی دیکە ھەمان رووداوی تێپەڕاندنی یاسای قەرز دووبارە نەبێتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھیواشی خواستووە ھەوڵەکانی ئەو لیژنەیە ئەنجامی باش و ئەرێنێ ھەبێت و ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بگەنە رێککەوتن بە تایبەت بۆ تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١، تاوەکو ئەو رێککەوتنە لە پەرلەمانیش چوارچێوەیەکی یاسایی پێ بدرێت.

جێی ئاماژەیە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بۆ دانوستاندنەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕالی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھێنا کە لە ھەشت ئەندامی ئەنجوومەنەکە پێکدێت و ئەرکی لیژنەکە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدایە بەگوێرەی دەستوور.

لە نووسراوێکی فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە رۆژی ٢٣ی تشرینی دووەم بە واژووی سەرۆکی ئەنجوومەن، محەمەد حەلبوسی دەرچووە، بڕیاردراوە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی کاتی لە ھەشت ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕالی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان و دۆزینەوەی رێگەچارەی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستووری ھەمیشەیی عێراق.

بەگوێرەی نووسراوەکە، لیژنەکە پێکھاتووە لە؛ محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد دەراجی، مزاحیم تەمیمی، عەبود عیساوی، ھیشام سوھەیل، حەسەن شویرید، فەیسەڵ عیساوی.

پێکھێنانی ئەم لیژنەیە لە کاتێکدایە پێشتر بەھۆی پەسەندکردنی یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ رەزامەندی و بەشداریی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان نیگەرانی فراوانی ھەرێمی کوردستانی بەداوی خۆیدا ھێنا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın